په‌رله‌مانی‌ عێراق هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدانی په‌سه‌ندكرد
  2024-09-17       220       


له‌دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدان په‌سه‌ندكراو به‌پێی‌ هه‌مواره‌كه‌، ئەو شەهیدانەی کە له‌وەزارەتی شەهیدان‌و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێم تۆمارکراون‌و نیشتەجێی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمن هەموو ئیمتیازاتی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق دەیانگرێتەوە.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، په‌رله‌مانی‌ عێراق كۆبوه‌وه‌، تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکە تایبه‌تبو بەهەمواری‌ یەکەمی یاسای دەزگای شەهیدانی عێراقی کە دو مادەی پەیوەستبو بەهەرێمی کوردستان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی زیانلێکەوتوی دەستی ڕژێمی پێشوی عێراقن لەساڵی‌ 1968 تا 2003، ئەوانەی لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن‌و تا ئێستا قەرەبو نەکراونەتەوە.

كاروان یاروه‌یس، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ڕایگه‌یاند، بەپێی هەمواری یاسای دامەزراوەی شەهیدانی عێراق کە ئێستا پەرلەمانی عێراق پەسەندیکرد، ئه‌وانه‌ی‌ لەشەڕی روبەروبونەوەی تیرۆر لەناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان له‌پێشمەرگەو ئاسایش‌و هێزەکانی ناوخۆ شه‌هیدبون، واتا لەکەرکوک و خانەقین و خورماتوو موسڵ و هەر ناوچەیەکی تر عێراق شەهیدبون، بەمووچەیان دەخرێتە سەر دامەزراوەی شەهیدانی عێراق.

ناوبراو ده‌شڵێت، هەروەها ئەو شەهیدانەی کە له‌وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێم تۆمارکراون و نیشتەجێی پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمن هەموو ئیمتیازاتی دامەزراوەی شەهیدانی عێراق دەیانگرێتەوە تەنها گواستنەوەی موچەکەیان نەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×