بەبەشداری زیاتر لە 100 کۆمپانیا خولی حەڤدەهەمینی پێشانگای ساڵانەی نێودەوڵەتیی DBX لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئاوێنه: بڕیارە سبەی چوارشەممە 18ی ئەیلول لەنێو بینای پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی لە تاسڵوجە، پێشانگاكە دەستپێبكات.
نەوزاد غەفور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی رایگەیاند، پێشانگاکە زیاتر لە 100 کۆمپانیا بەشداریان تێداکردووە لە بوارەکانی ئۆتۆمبێل، وەبەرهێنان، پیشەسازی، خۆراکی، پاکكەرەوە، پزیشکی، خوێندن و زانست.
وتیشی، “بەشداربووان تازەترین کار و بەرهەمەکانیان بۆ هاوڵاتیان و بازرگانان و پیشەسازان نمایشدەکەن”.
کۆمپانیا بەشداربووەكان بەشێکی زۆریان ناوخۆیین، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی دراوسێ بەشداریانکردووە و کۆمپانیا جیهانییەکانیش لە رێگەی بریکارەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان بەشداریانکردووە و نوێترین بەرهەمە جیهانیەکانیان لە پێشانگاكەدا نمایشدەکەن، نەوزاد غەفور وای وت.
ئەوەشی روونكردەوە، بەشێک لە نوێنەری وڵاتان، جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی بەغداد، بریكاری وەزیری بازرگانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکە ئیدارییەکانی سلێمانی بەشداریدەکەن.
پێشانگاکە لە (9/18 تا 9/23) رۆژانە لە كاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ بۆ 6ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.