وەزیری شارەوانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران، كێشەی زەوی سندووقی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چارەسەر دەكرێت.
ئاوێنه: ئەمڕۆ سێشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان فەرمانی كرد بە چارەسەركردنی كێشەیەكی لەمێژینەی زەویی سندووقی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، ئەو زەوییانەی دەكەونە نێوان دوو خانوو و یان سێ خانوو كە بە زەویی (سندووقی) ناسراون.
ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەتەکەیان نووسراوی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كردووە بۆ ئەوەی بەزووترین كات بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت بكەوێتە بواری جێبەجێكردن و دەست بە ڕێكارەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە لەمێژینەیە بكرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە بەپێی ژماردن و سەرژمێریكردنی ئەو حاڵەتانەی لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیاندا هەن و بەگوێرەی بەڵگەنامەی فەرمی كاری پێویست ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەو بڕیارەی حكومەت سوودمەند ببن.
ساسان عەونی، سەبارەت بە چارەسەركردنی ئەو گرفتەش كە خەڵكێكی زۆر لێی سوودمەند دەبن، وتی: “ئەوە كێشەیەكی كۆن بوو لە سنووری شارەوانییەكانی گەرمیان، هاووڵاتییان داوای چارەسەركردنی ئەو گرفتەیان دەكرد و دوای ئەوەی لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە، سەرۆك وەزیران لەو كێشەیە ئاگاداركرایەوە و ئەویش دەمودەست فەرمانی كرد بە چارەسەركردنی كێشەكە و ئێستاش دەست بە ڕێكارەكانی چارەسەركردنی ئەو كێشە لەمێژینەیەی هاووڵاتییانی گەرمیان كراوە”.