میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە، لە دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، هیزەکانی ئێران لە دەستگیرکردنی هاوڵاتییان بەردەوامن، لەو چوارچێوەیەشدا، هاوڵاتىیەکی کوردی خەڵکی دیواندەرى سنوورى سنەیان دەستگیر کرد، دەشڵێن، بە بێ فەرمانی دادوەر ئەو هاوڵاتییە دەستبەسەر کراوە.
ئاوێنه: میدیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی بەردەوام بوونی هەڵمەتێک بۆ دەستبەسەر کردنی هاوڵاتییان لە دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیران و دەستگیر کردنی هاوڵاتییەکی کورد بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو هاوڵاتییەکی کورد بە ناوی ئارمان نەوشادی خەڵکی دیواندەرەى سنوورى سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە بێ فەرمانی دادوەر و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ئەو هاوڵاتییە دەستگیر کراوە.
هاوکات، دوو ساڵ بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە ١٦ ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە تارانی پایتەختی ئیران لە لایەن ئەفسەرانی پۆلیسی بەناو ئەخلاق و بەهۆی ئەشکەنجەدانی زۆرەوە گیانی لەدەستدا.
هەروەها، ئەمەش ناڕەزایی بەرفراوانی لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە کە بە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادیی” ناسراوە.
جێگاى ئاماژەیە، بە هۆی سەرهەڵدانى شۆرشى ژن ژیان ئازادى لەلایەن ئێرانەوە سەدان چالاکوان و هاوڵاتیی مەدەنیی دەستبەسەرکران و بە دەیانیش لە سێدارەدراون و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.