میلیشیاكانی سەر بەتوركیا دوو رۆژە گەمارۆی گوندێكی عەفرینیان داوە
  2024-09-16       274       

ئا: ئاوێنە

 

گروپێكی میلیشیاكانی سەربە توركیا دو رۆژە گەمارۆی گوندێكی سەربە عەفرینیان داوەو داوای سەرانە لە هاوڵاتیانی گوندەكەو داگیركردنی ماڵ و زەوییان دەكەن، ژنانی گوندەكە دوێنێ گردبونەوەیەكیان لەدژیان رێكخست بەڵام گردبونەوەكە لەلایەن چەكدارانی سەربە توركیاوە سەركەوتكراو زیاتر لە 10 ژن بریندار كران.

 

لە دوێنێ یەكشەممەوە تاوەكو ئێستا، گروپی سوڵتان شا سلێمان عەمشات، كە گروپێكی میلیشیای سەربە توركیایە، گەمارۆی گوندی "كاخرێ"ی ناحیەی ماباتا-یان لە سنوری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان داوەو داوا لە خەڵكی گوندەكە دەكەن لەبەرامبەر زەوی و باخەكانیاندا سەرانەیان بدەنێ و هەروەها بەنیازی داگیركردنی زەوی و موڵك و ماڵی هاوڵاتیانی گوندەكەن.

رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە گروپە چەكدارەكە لەسەر بنەمای بڕیارەكانی توركیاو حكومەتی كاتی سوریاو ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا، ئامانجیان لە هاتن بۆ گوندەكە، وێڕای سەندنی سەرانە لە هاوڵاتیان، راگواستنیانە بۆ ئەوەی لەجێیان خێزانی چەكدارانی داعش نیشتەجێ بكەن كە ئێستا ئەو چەكدارانە لەنێو ئەو گروپەی سەربە توركیادان.

بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، دوێنێ لەدژی گەمارۆدانی گوندەكەیان، ژنانی گوندەكە گردبونەوەیەكیان رێكخستوە، بەڵام لەلایەن چەكدارانی گروپەكەی سەربە توركیاوە تەقەیان لێكراوە بۆ بڵاوەپێكردنیان و چەندین ژن برینداربون.

بەگوێرەی زانیارییەكان بەهۆی سەركەوتكردنی گردبونەوەكەوە زیاتر لە 10 ژن برینداربون.

هەروەك رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ئاماژەی پێداوە، 10 كاروانێكی سەربازی كە لە 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی بە چەكداری پڕچەكەوە، پێكهاتوە، دوای گردبونەوەكە چونەتە نێو گوندەكەو قەدەغەی هاتوچۆیان سەپاندوەو ئینتەرنێتیان لە گوندەكە بڕیوەو چونەتە سەر ماڵان و پشكنیویانن و مۆبایلی هاوڵاتیان بردوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین هێمای بۆ ئەوە كردوە كە ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە، لەسەر فەرمانی میتی توركی، یەكێك لە ئەندامانی گروپە چەكدارییەكەی سەربە توركیا، تۆمارێكی دەنگی بڵاوكردۆتەوە كە گوایە خۆی موختاری گوندەكەیەو وتویەتی، پشێوی گوندەكە بەهۆی شەڕی نێوان بنەماڵەیەكی هاوردەو بنەماڵەیەكی رەسەنی گوندەكەوە بوەو كۆتایی هاتوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی عەفرین جەختی كردۆتەوە كە دانیشتوانی كوردی رەسەنی گوندەكە روبەڕوی چەندین شێوەی ستەم و جیاكاری بونەتەوە لەلایەن گروپی چەكداری سوڵتان سلێمان شا عەمشاتەوە لەوانە رفاندن، كوشتن، دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی دڕندانە، بەمەبەستی وەرگرتنی سەرانەو داگیركردنی موڵك و ماڵیاندا.

بەپێی راپۆرتەكەی ئەو رێكخراوە، ئەو گروپە چەكدارە لەماوەی دو هەفتەی رابردودا دەستیان گرتوە بەسەر زیاتر لە 10 ماڵی خەڵكی گوندەكەداو لەجێیان خێزانی ئەندامانی پێشوی داعشیان تێدا جێگیركردون و هەروەها داوای سەرانەی 8 دۆلار بۆ هەر دار زەیتونێك لە هاوڵاتیانی گوندەكە دەكەن، ئەگەر نەتوانن بیدەن لەبەرامبەردا دەڕفێندرێن و ئەشكەنجە دەدرێن.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە چەند رۆژی رابردودا ئەو چەكدارانە هەستاون بە دەركردنی چەندین هاوڵاتی لە ماڵەكانیان و نیشتەجێكردنی خەڵكانی هاوردەكراو و كردنی هەندێك ماڵیش بە بارەگای سەربازی و كۆگای چەك و تەقەمەنی، لەوانە ماڵی ئەندازیار جەلال عەبدو زەكەریا كە دەكەوێتە ناوەڕاستی گوندەكەو لە ئێستادا كراوە بە چێشتخانەی سەربازی.

هەروەها ئەمڕۆش ئەندامێكی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی كۆمەڵایەتی عەفرین لە لێدوانێكدا داوای لە هاوپەیمانی نێودەڵەتی كرد، بەپەلە دەستوەردان بكەن بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكانی گروپەكانی سەربە توركیا لە عەفرین.

ئیبراهیم حەفتارۆ بە نۆرس پرێسی وتوە، گوندی كاخرێ تاوەكو ئێستاش لەلایەن چەكدارانی "عەمشات"ەوە گەمارۆ دراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×