دەزگای ئاسایشی هەرێم: دەستبەسەر نیو تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراو 51 بازرگانیش دەستگیركران
  2024-09-16       409       

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەربە دەزگاكەیان، لەماوەی دو مانگ و نیودا دەستیان بەسەر زیاتر لە نیو تۆن ماددەی هۆشبەردا گیراوەو 51 تۆمەتباری بازرگانی بە ماددەی هۆشبەریش دەستگیركراون.

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە ڕۆژی 14/5/2024 تا 1/8/2024، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، توانیویانە دەستبگرن بەسەر بڕی 514 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کۆکاین، کریستاڵ، ماریجوانا، تلیاک، کریستاڵی شل، حەبی کابتاگۆن) و توانرا 51 تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەریش دەستگیربکەن.

دەزگای ئاسایشی هەرێم وتوشیەتی، بازرگانان ویستویانە بە بەکارهێنانی تەکنیکی نوێی حەشاردان ماددە هۆشبەرەکان لەناوچە سنورییەکانەوە بەرەو شارەکان بهێنن و دواتر بەنیازبون بینێرن بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی (25 و 26) لەیاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×