یەكێك لە فەرمانبەرانی رێكخراوەكان، بەناوی بەشێك لە فەرمانبەرانی رێكخراوەكانەوە لەلێدوانێكدا بۆ ئاوێنە وەڵامی راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی دەداتەوەو جەخت دەكاتەوە كە ناوی ئەوان لە لیستی وەرگرتنی زەویدا دەرهێنراوەو دەشڵێت، ناوەڕۆكی راگەیەندراوەكەی وەزارەت رەتدەكەنەوە.
ئاوێنە: یەكێك لە فەرمانبەرانی یەكێك لە گەنجینەكانی سلێمانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لەبارەی راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی رێكخراوەكانی سەر بە وەزارەتەكە، لە لێدوانێكدا بۆ ئاوێنە وتی"ئێمە كە ژمارەیەك فەرمانبەرین لە یەكێك لە گەنجینەكانی سلێمانی، لە ساڵی 2015ەوە دەوام دەكەین، ئەو كاتەی كە فۆڕمی وەرگرتنی زەوی هات بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، پڕمان كردەوە، بەڵام دواتر لە كۆتایی مانگی هەشت، ئەو كاتەی لیستەكەمان نێردرا بۆ وەزارەتی دارایی لە شاری هەولێر، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری، داوایان كرد ئەو فەرمانبەرانەی رێكخراوەكان كە دەوام دەكەین و هەشت ساڵ زیاترە لە دەوامداین، دەبێت ناوەكانمان بسڕدرێنەوە لە لیستی وەرگرتنی زەویدا، كە ناوەكان لابران، ئینجا فۆڕمی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان، لیستی ناوەكانیان وەرگرت و لای خۆیان بەرزی دەكەنەوەو رێكاری پێویست دەگرنەبەر."
ئەو فەرمانبەرە كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتیشی"واتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری كە سەر بە وەزارەتی داراییە، رێگەی نەدا ئێمەی فەرمانبەرانی رێكخراوەكان كە هەشت ساڵ زیاترە لە دەوامداین تەنانەت ناومان لەو لیستەشدا هەبێت یان بچینە پێشبڕكێوە كە وەكو هەر فەرمانبەرێكی تر و بەپێی هەر رێكارێكی یاسایی زەوی وەربگرین."
جەختیشی كردۆەوە"راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی وەزارەتی دارایی رەتدەكەینەوە. وەزارەتی دارایی دیارە ئاگای لەم زانیارییانەی نییە."
وەزارەتی دارایی هەرێم ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە دەڵێن وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بەو فەرمانبەر و موچەخۆرانە"ی رێكخراوەكان.
ئاماژەی بەوەشدابو "وەزارەتی دارایی و ئابوری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆڕم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆران نییە و دور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە.
وەزارەتی دارایی وتبوشی"هەمو ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستانە. ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردوە هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكارو شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییەو ڕاستگۆ نەبون."