دوێنێ یەكشەممە، لەكاتی سەردانی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل بۆ ناحیەی رزگاریی كەلار، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پاسەوانانی ناوبراو و چەند كەسێكدا دروست بو. لیژنەی ئەمنی گەرمیان دەڵێت، لە گرژییەكاندا كەسێك برینداربوەو چەند تۆمەتبارێك دەستگیركران كە داوتر بە كەفالەت ئازادكران.
ئاوێنە: لیژنەی ئەمنی ئیدارەی گەرمیان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا بەبێ ناوهێنانی لاهور شێخ جەنگی، رایگەیاند"دوێنی 15/9/2024 لە ناحیەی رزگاری لە سنوری قەزای کەلار، بەهۆی دروستبونی پشێوی و گرژی و ئاڵۆزی هاوڵاتییەک بریندار بو."
ئەوەشی خستۆتەڕو"لیژنەی ئەمنی ئیدارەی گەرمیان لە ئەنجامی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ڕونیدەکاتەوە، دوای بەدواداچون و لێکۆڵینەوە توانرا چەند تۆمەتبارێک لەسەر ڕوداوەکە دەستگیربکرێن و ڕوبەڕوبەری یاسا بکرێنەوە، دواتر بە کەفالەت ئازاد کراون."
لیژنەی ئەمنی ئیدارەی گەرمیان جەختیشی كردۆتەوە"ڕێگە بەهیچ کەسێک نادرێت لەژێر هەر پاساوێکدا، ببێتە هۆکاری تێکدانی ئارامی و ئاسایشی سنورەکە."