ئەنجومەنی سەربازیی كۆبانێ داوا دەكات پەلە بكرێت لە دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان و هاوكات مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەمو لایەنەكان بە توركیاشەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، لەمیانی كۆبونەوەی بەرفراوانی ئەنجومەنی سەربازی كۆبانێ لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو چەند ئەندامێكی فەرماندەیی گشتی ئەو هێزانەدا، جەخت كراوەتەوە لە ئامادەیی تەواوی هێزەكان بۆ پاراستنی ناوچەكە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەنجومەنی سەربازیی كۆبانێ لە كۆبونەوەكەدا جەختی كردۆتەوە لەسەر پەلەكردن لە دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئامادەبونی كورد لە تەواوی دانوستانە نێودەوڵەتییەكاندا.
لای خۆیەوە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە كە هێزەكانیان ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان لەنێویشیاندا توركیا بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ تەواوی كێشەو گرفتەكان.
مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەوەش جەختی لەوە كردۆتەوە كە هاوكات نابێت كەمتەرخەمی بكرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و دەستوەردانێكی سەربازی و ئەمنی لەناوچەكەو جەختیشی لە بەردەوامی مەشقكردن بە شەڕڤانان و پشتیوانیكردنی تەواوی ئەنجومەنی سەربازیی كۆبانێ و هێزەكانی ئەنجومەنەكەی كردۆتەوە.