وەزارەتی دارایی و ئابوری راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌
  2024-09-16       325       


وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران، رایگه‌یاند، ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە كه‌ ده‌ڵێن، وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بەو فەرمانبەر و موچەخۆرانە، ده‌شڵێت، "ئەو کەس و لایەنانەی تۆمەتبارمان ده‌كه‌ن هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبون".

ئاوێنه‌: وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، سەبارەت بە دابەشکردنی فۆڕمی زەوی بۆ فەرمانبەران و موچەخۆرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکان، "ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە دەڵێن وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێگرە لە پێدانی فۆڕمی زەوی بەو فەرمانبەر و موچەخۆرانە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "وەزارەتی دارایی و ئابوری هیچ پەیوەندییەکی بە پێدانی فۆڕم و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆراندا نییە و دور و نزیک ئێمە بەشێک نین لەو بابەتە".    

وەزارەتی دارایی و ئابوری باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هەمو ئەو ڕێنمایی و ڕێکار و خاڵبەندییانەی بۆ پێدانی زەوی بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و تەواوی چین و توێژەکان دیاریکراوە لە تایبەتمەندی و دەسەڵاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستانە".      

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئەو کەس و لایەنانەی وەزارەتی داراییان بە ڕێگری لە پێدانی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و موچەخۆرانی ڕێکخراوەکان تۆمەتبار کردوە هیچ زانیارییەكیان لە بارەی ڕێكار و شێوازی دابەشكردنی فۆڕمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نییە و ڕاستگۆ نەبون".   

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×