نێرگز محەمەدی: ئازادیی ژنان هێزى بەرەوپێشبردنی دیموکراسییە
  2024-09-16       224       

نێرگز محەمەدی ڕایگەیاند، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم کۆتایی بهێنێت بە تاوانبارکردنی ئاپارتایدی جێندەر، بۆ ڕاگرتنی ستەم و هەڵاواردنی ڕژێمە ئایینی و پاوانخوازەکان بەرامبەر بە ژنان، دەشڵێت، ئازادیى ژنان هێزى بەرەوپێشبردنی دیموکراسییە.

ئاوێنە: نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و زیندانیی سیاسیی لە بەندیخانەی ئەوینەوە بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامێکدا وتویەتى، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتى و خەڵکی هەموو جیهان دەکەم، نەک تەنها چاودێری بکەن، بەڵکو چالاکانە مامەڵە بکەن.

دەشڵێت، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەم کۆتایی بهێنێت بە تاوانبارکردنی ئاپارتایدی جێندەر، بۆ ڕاگرتنی ستەم و هەڵاواردنی ڕژێمە ئایینی و پاوانخوازەکان بەرامبەر بە ژنان، چونکە ئازادى ژنان لە ستەم و هەڵاواردن هێزى بەرەوپێشبردنی دیموکراسییە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵک گەورەترین گۆڕانکاری لە خۆیان، بیروباوەڕ و ژیان و کۆمەڵگەیاندا دەکەن، ئەگەر چی گۆڕانکارییەکە ڕژێمی ئێرانی نەگۆڕی، بەڵام بناغەکانی ستەمکاری ئایینی هەژاند.

دەڵێت، لە گرنگی بەهێزکردنی پەیمان و ڕێککەوتنەکانمان بۆ گەیشتن بە دیموکراسی و ئازادیی و یەکسانی و شکستی ستەمی ئایینی و بەرزکردنەوەی دەنگەکانمان و ئیرادەی یەکلاکەرەوەتر کرد.

جێی باسە، نێرگز محەممەدی ساڵی ١٩٧٣ لە شاری زەنجانی ئێران لەدایک بووە و لە دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر و زیندانی کراوە. لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بەهۆی چالاکییەکانی مافەکانی مرۆڤەوە ڕووبەڕوی ئازار بوویەوە و بە فەرمانی داواکاری گشتی تاران، ڕێگرییان لێکرد پەیوەندی بە منداڵەکانییەوە بکات لە زیندانەوە و بە ١٦ ساڵ زیندانیکردن سزادرا.

هەروەها خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٣ بەخشرایە نێرگز محەمەدی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×