مه‌سرور بارزانی: ئەو پلانە ستراتیژییەی گرتومانەتەبەر كاریگەریی زۆری هەیە
  2024-09-16       184       


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەو پلانە "ستراتیژییە"ی كە لە بواری ئاو گرتویانەتەبەر، بۆ ئێستا و داهاتوی وڵات كاریگەریی زۆری هەیە، گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانیان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانیانە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی.

ئاوێنه‌: مه‌سرور بارزانی ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌میانی وتارێكدا له‌ مه‌راسیمی دانانی بەردی بناغەی (بەنداوی دوین)ی لە سنووی پارێزگای هەولێر، رایگه‌یاند، "ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەكە پێداچونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژوییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئەو پلانە "ستراتیژییە"ی كە لە بواری ئاو گرتویانەتە بەر، بۆ ئێستا و داهاتوی وڵات كاریگەریی زۆری هەیە، گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانیان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانیانە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی. 

مه‌سرور بارزانی باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئێمە لە پلانەكانمان بەردەوام دەبین و داواشمان لە هاوڵاتییانی خۆشەویست ئەوەیە كە پاك و خاوێنیی ژینگەكەمان بپارێزن و هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی ئەم سروشتە جوانەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیكەن بە شوێنێك كە گەشتیاران لە هەمو جیهان بەرەو كوردستان ڕابكێشن".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "داوام كردوە هەرچی زوتریش وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی دیكه‌، ڕێكاری پێویست بگرنە بەر، بۆ ئەوەی هەمو ئەو ئاوەڕۆیانەی لە دەوروبەری شەقڵاوە دێنە سەر ئەم ڕوبارە، بپاڵێورێن و هیچ ئاوەڕۆیەك نەخرێتە سەر ئاوی ئەم بەنداوە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ڕاسپارد كە بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە شوێنەوارییەكان، قەڵای مێژوییی دوین و چەندین شوێنەواری دیكەی ئەم دەڤەرە نۆژەن بكرێنەوە و ڕێگە لە داڕوخانی زیاتریان بگیرێت".

مه‌سرور بارزانی ده‌ڵێت، "بە تەواوبونی ئەم بەنداوە و بە نۆژەنكردنەوە و گرنگیپێدانی ئاسەوارە مێژوییەكان، ئەم دەڤەرە دەبێت بە یەكێك لە گرنگترین ناوەندەكانی گەشتیاری لە ڕوی سروشتی و شوێنەواری، هەروەها ئەم بەنداوە لە ڕوی كشتوكاڵی و سامانی ماسی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی كاریگەریی زۆری دەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×