دەربارەی مووچەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش دڵنیایی دەدرێت
  2024-09-16       226       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە سەبارەت بە نەبوونی پارەی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بڵاودەکرێنەوە.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ دووشەممە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی زامننەبوونی مووچەی فەرمانبەرانەوە بڵاودەکرێنەوە ناڕاستن و وەزارەتی دارایی هیچ کێشەیەکی لە دابینکردنی مووچەدا نییە، تەنانەت ئەگەر نرخی نەوتیش دابەزێت، چونکە پێشتر مووچە زامنکراوە و حکومەتیش یەدەگێکی زۆری نەختینەی لەبەردەستدایە و دەتوانیت لە کاتی نائاساییدا سوودی لێ ببینێت.

پەرلەمانتارەکە جەختیشکردەوە کە نەک تەنها مووچەی ئەمساڵ، بەڵکو مووچەی ساڵی داهاتووش بە تەواوی زامنکراوە.

جەمال کۆچەر ڕاشیگەیاند، حکومەت پلانێکی بۆ زیادکردنی سەرچاوە داراییەکان داناوە و ئەوەش تواناکانی لە جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی بەرامبەر فەرمانبەران زیاتر دەکات.

پەرلەمانتارەکە ئەوەشی خستەڕوو کە لیژنەکەیان فشار دەخاتە سەر وەزارەتەکان بۆ ئەوەی کارەکانیان باشتر بکەن و داهاتیان زیاتر بکەن، بە جۆرێک کە ڕۆڵی لە بەدیهێنانی سەقامگیریی زیاتری ئابووریدا هەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×