بڕیارە ئەمڕۆ لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ڕەوانە بکرێت.
ئاوێنه: سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، لیستی مووچەی فەرمانبەران بۆ بەغدا ڕەوانە دەکرێت و لەم ڕۆژانەشدا مووچەی مانگی ئاب بە تەواوی دەگاتە هەرێمی کوردستان.
ئەم لێدوانەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی لە کاتێکدایە کە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلوول دەستیپێکردووە و هێشتا مووچەی مانگی ئاب دابەش نەکراوە.
دوێنێش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو کە دوای سەردانەکەی ئەمدواییەی ئەنجومەنی وەزاری ئابووری عێراق دڵنیای دراوە لە بەردەوامبوونی ڕەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.