چارەنووسی نادیاری کوردی ڕۆژهەڵات لەباشووری کوردستان؟
  2024-09-15       601       
چۆڵکردنی بنکەو بارەگای کۆمەڵەکان

د. کامەران ئەمین‌ ئاوە

 

گوشارهێنانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگای یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و دەوڵەتی هەرێمی کوردستان بەسەر تێکۆشەرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنەماڵە‌کانیان که به هۆی بارودۆخی نەشیاوی ئێران و زەبر و زەختی حکوومەتی سەرەڕۆی ئێران، نیشته‌جێ باشووری کوردستانن، هەتا دێ زۆرتر و توندتر دەبێتەوە.

 ڕاگواستنی شوێنی ژیانی بنەماڵە‌ی کۆمەڵەکان و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به ئێران، نموونەیەکی دیکەی بەرێوەبردنی ئەمر و فەرمانی حکوومەتی ئێران لە لایەن یەکیەتیی نیشتمانی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە.

  بوونی کورده پەنابەرەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان به هۆی جێگە و پێگەی حیزبه کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات، بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دیاردەیەکی خۆش نییه ، بە تایبەتی کە خەڵکی کورد پێشوازی لە داخوازییەکانی ئەوان دەکەن و، وێڕای تەواوی بەربەستەکانی هێزی سەرکوتکەری ئێران، مەشخەڵ و ئاڵای  ئازادی و دێموکراسیان نەک لە ئاستی کوردستان بەڵكو گشت ئێران بەرز و گەشاوە ڕاگرتووە.

داخستنی دوکان و بازار و دەست لەکارهەلگرتنی زۆربەی نیشتمانپەروەرانی ڕۆژهەڵاتی لە ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ به بۆنەی دووهەمین ساڵرۆژی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی 'ژینا' نموونەی بەرچاوی خۆڕاگریی، بەرخۆدان و ملکەچنەکردنی خەڵکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرامبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێرانه.

لەم ڕەوتەدا ئەوانەی لە ئاستی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەم ساتوکاته هەستیارەدا پشتگیری لە بزووتنەوە نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبە کوردستانییەکان ناکەن بەڵكوو دەس لەدەسی داگیرکەرانی کوردستان دژ بە هاونەتەویەکانی خۆیان پیلان دەگێڕن، نوێنەرانی ئەم بزووتنەوەیه دەخەنە ژیر گوشار و دەیانەوی ببن به ئەمرازی سەرکوتی حکوومەتی ئێران، ناویان وەکو دوژمنانی نەتەوەیی کورد لە مێژووی کوردستاندا تۆمار دەکرێ. ناکرێ لافی ئاڵاهەڵگری ئازادی و دێموکراسی و کوردایەتی لێ بدرێ و هاوکات لە ڕیزی دوژمنانی کورد تەنانەت ڕەحم به پەنابەرە ئاساییەکانی کوردی ڕۆژهەڵاتیش نەکرێ.

 لەم ڕەوتەدا هەر چەند بەشێک لە نیشتمانپەروەرانی کوردی باشوور هەست و سۆزی خۆیان سەبارەت به کوردانی ڕۆژهەڵاتیی دانیشتووی باشوور  دەربڕیوە و هەڵسوکەوتی ناڕەوای یەکیەتیی نیشتمانی و ئاسایشیان ئیدانه کردوە، بەڵام به گشتی ئێمە لە نێو خەڵک و هێزە مەدەنی و سیاسییەکانی هەرێم شایەدی دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی جیددی سەبارەت بەم چەشنه هەلسوکەوتانه نین. شک لەوە دانییه ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵکی باشوور دەیتوانی و دەتوانێ نەخشی بەرگێڕەوەی لەم چەشنه تاوانکارییانه لە باشووری کوردستاندا هەبێت.

بریا هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشووری کوردستان کە بەشێکیان بێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێکیان لە شۆڕشی کورددا بووبێ، میراتخۆری خەبات، شۆڕش و خوێنی باب و باپیر و هەزاران گیانبەختکردووی باشووری کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتداریی سەدامن، ئاوڕێک لە مێژوو بدەنەوە و ببینن کە چۆن له کاتی بێ‌دەرەتانی و ئاوارەبوون و تەنگانه‌دا، خەڵکی ڕۆژهەڵات وێرای تەواوی ئاستەنگی و دەستکورتی و بێ‌دەسەلاتیان به هانایانەوە هاتن، بەڵام به درێژایی ئەم چەند دەیە که ئەوان بوون به خاوەن پارە و دەسەڵات، لە ژێرچاوەدێریی ئەواندا ئێمە شایەدی تێرۆری سەدان کادر و پێشمەرگه و پەنابەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بەشه‌ی کوردستان و ڕادستکردنەوەی مستەفا سەلیمی و بێهزاد خوسرەوییەکان به ئێران،  مامەلە به کوردانی پەنابەری ڕۆژهەلاتی و شانازیکردنیان به قاسم سولێمانی وەکو پاڵەوانێکی مەزن و، دۆستایەتی و خزمەتگوزارییان به دەوڵەتی ئێران بووین. ئەم ئاکارە نەشیاو و نەگونجاوانه که به ناوی دیپلۆماسییەوە دەکرێن، تەنیا دەبێته هۆی بریندار بوونی هەستی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات و هەر کوردێکی نیشتمانپەروەر. لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر له نێوان دیپلۆماسی و گوێڕایەڵبوونی دەوڵەتێکی دیکە هەیە و ئەم چەشنه هەڵسوکەوتانه سەبارەت به کوردە پەنابەرە ئاساییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له چوارچێوەی دیپلۆماسییەکی دەوڵەتیدا ناگۆنجێن.

هەرچەند چارەنووسی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان نادیارە، بەڵام حوکمی مێژوو بەرەو پێش دەڕوا و تەنیا ڕووڕەشی بۆ ئەوانە دەمێنێتەوە که بەرژوەندیی نەتەوەیی فیدای بەرژوەندی حیزبی، تاکەکەسی و تەسکی خۆیان دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×