دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە دوەمین ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینیدا، هاوڵاتیان و كاسبكاران لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردیانە مانگرتنی سەتارسەری. عەبدوڵا موهتەدی، سكرتێری كۆمەڵەی كوردستانی ئێران دەڵێت، مانگرتنە سەرتاسەرییەكە زۆر سەركەوتوە.
ئاوێنە: عەبدوڵا موهتەدی، سكرتێری كۆمەڵەی كوردستانی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس لەبارەی مانگرتنی سەرتاسەریی بە بۆنەی دوەمین ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینییەوە، نوسیویەتی، مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەكانی كوردستان، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە.
ئەو سەركردەیەی رۆژهەڵاتی كوردستان وتوشیەتی، "زێدی ژینا (سەقز)، بەتەواوەتی مانگی گرتوە."
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە دوەم ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینیدا، لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، مانگرتنی سەرتاسەریی بەڕێوەچو بەتایبەت لە سەقزی زێدی ژینا ئەمینی.
مانگرتنی سەرتاسەری لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەكاتێكدایە كە لە بەشێكی زۆری شارو شارۆچكەكان، رێكارە ئەمنییەكان توندكراونەتەوە، لە سەقز رێگەكانی چون بۆ گۆڕستانی ئایجی داخران و رێگەی هاتنە دەرەوە لە خانەوادەی ژینا گیرا.
بەگوێرەی راپۆرتی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە پەیوەست بە ساڵیادی ژینا ئەمینیەوە چەندین چالاكوان و هاوڵاتی دەستگیركراون و هەڕەشەیان لێكراوە.