بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەنگۆی تۆماركردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا رەتدەكاتەوەو دەشڵێت، ئەو بابەتە دورە لە راستی و كاڵایەكی خراپی كەمپەینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"هەندێک دەنگۆ دەربارەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بڵاو کراونەتەوە و بە ناوی هاتوچۆی سلێمانییەوە قسە کراوە، هەمو ئەو بابەتە دورە لە راستی و کاڵایەکی خراپی کەمپەینی پێشوەختەی هەڵبژاردنە."
ئاماژەی بەوەشداوە"هاتوچۆی سلێمانی هۆبەیەکی نییە بە ناوی وتەبێژەوە هیچ ئەفسەرێکمان ناونیشان و پۆستی وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی نییەو دەربارەی ئەو جۆرە بابەتە کەس بۆی نییە بەو ناوەوە لێدوان بدات."
هاتوچۆی سلێمانی جەختیشی كردۆتەوە كە "هیچ بڕیارێکی نوێ دەربارەی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا نییە."