ئیدارەی گەرمیان دەڵێت: لاهور شێخ جەنگی مەزاری ئەنفالكراوانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارهێناوە
  2024-09-15       250       

ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، مەزاری ئەنفالکراوان لەگوندی "دێبنە" لە لایەن لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنراوەو دەشڵێت، بەپێی یاسای كۆمسیۆن رێگەنادرێت بە هیچ حزب و لایەن و کاندیدێک شوێنە گشتیەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت.

ئاوێنە: ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ یەكشەممە، راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیانی بڵاوكردۆتەوەو تێیدا هاتوە"دوێنێ (14/9/2024) بەبێ ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان، سەرۆکی بەرەی گەل و ژمارەیەک لە کاندیدەکانی چونەتە مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە و دەرگای مەزارەکەیان کردوەتەوە چونەوتە ژورەوە و دواتر دەرگاکەیان بە کراوەیی بەجێهێشتوە، ئەمە سەرباری ئەوەی هەر وەفد و لایەنێک سەردانی مەزاری ئەنفالکراوان بکات پێشتر هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەەبەرایەتیمان دەکات و ئێمەش پێشوازی لێدەکەین."

ئاماژەی بەوەشداوە"ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئیدانەی ئەم سەردانە دەکەین و پێمان وایە مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان بەکارهێنراوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و بەرژەوەندی سیاسی، لەکاتێکدا ئەنفال پرسێکی نەتەوەتیە و زۆر لەوە گەورەترە لایەنێک بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریبهێنێت، بەهیچ شێوەیەکیش رێگەنادرێت مەزاری ئەنفالکراوان بۆ بانگەشەی حزبی بەکاربهێنرێت چونکە شوێنکی گشتییە."

دوابەدوای ئەوەش ئیدارەی گەرمیان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕو، دوێنی مەزاری پیرۆزی ئەنفالکراوان لەگوندی دێبنە لە لایەن سەرۆکی بەرەی گەلەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارهێنراوە، لێرەوە دوپاتیدەکینەوە کە بەپێی یاساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەکارهێنانی شوێنە گشتییەکان بۆ ئەنجامدانی بانگەشەی هەڵبژاردن قەدەغەیە."

جەختیشی كردۆتەوە كە "بە پشتبەستن بەو یاسایە بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت بە هیچ حزب و لایەن و کاندیدێک شوێنە گشتیەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×