بەبۆنەی دووەمین سلیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە، لەزۆربەی شارو سارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگررتنی سەرتاسەرییە.
ئاوێنە: موژگان ئیفتخاری، دایکی ژینا ئەمینی لەدووەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی کچەکەیدا بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توندەوە لەگۆڕستانی شاری سەقز نەیتوانی بچیتە سەر گۆڕەکەیو لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامەوە یادی ژیناو هەموو ئەو کەسانەی بەرز راگرت کە لەناڕەزاییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لەساڵی ٢٠٢٢ گیانیان لەدەستداو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی ىلاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێگەیان بەبنەماڵەی ژینا ئەمینی نەداوە، بەبۆنەی ساڵیادی گیان لەدەستدانی کچەکەیانەوە هیچ جۆرە چالاکیو ڕێوڕەسمێک ئەنجام بدەنو دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی گۆڕستانی ئایچییان گرتووە کە ژینای تیا بەخاک سپێردراوە. هێزە ئەمنییەکان داوایان لەبنەماڵەی ژینا کردووە لەماڵەوە بمێننەوە.
هاوکات زۆربەی بازاڕو دوکانەکانی چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش مانیان گرتووەو شوێنی کارەکانیان داخستووە.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ چاودێری ڕەوشی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیتلاعاتی سوپای پاسداران "لانی کەم ٢١ چالاکوان و هاوڵاتیی کوردیان لە شارەکانی مەهاباد، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، مەریوان، سارۆئاباد، بۆکانو سەقزو بانە" دەستگیر کردووە.
هاوکات بەم بۆنەیەوە مانگرتن لەخواردن لەلایەن ژنە زیندانیانی سیاسی لەزیندانی ئەوین بەردەوامەو لەدەرەوەی ئێرانیش، لەچەند وڵاتێکدا خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت.
ژینا ئەمینی، کچێکی کورد بوو، لەکاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر لەشاری سەقزەوە بەسەردان چووبووە تاران، لەلایەن پۆلیسی (گەشتی ئیرشاد)ەوە لەسەر ئەوەی لەچکی بەثێی رێنماییەکان بەتەواوی نەکردبوو، دەستگیرکراو لەکاتی ئەشکەنجەداندا گیان لەدەستداو ئەم رووداوەش ناڕەزایەتی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا هێناو دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەئاستی جیهاندا هەبوو.