لەدووەمین ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینیدا، کۆمەڵە داوای مانگرتنی سەرتاسەری دەکات
  2024-09-14       326       

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لەڕاگەیاندراوێکدا داوا لەجەماوەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە سبەینێ یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان بەشێوەیەکی ھەرچی بەرینترو یەکگرتووانە تر، مانگرتنی گشتی لەھەموو شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوەبەرن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەی لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردوان، بۆ ڕێز گرتن لەیادیان بەشداریی بکەن.

 

ئاوێنە: دەقی رافگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران):

 

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، سەبارەت بە مانگرتنی گشتی لە ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی"دا
لە سەروبەندی ٢٥ی خەرمانان، دووەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژیناداین. ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو، دووھەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و دەستپێکی شۆڕشێکە کە بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ڕێگای ڕزگاربوون لە چنگ حکوومەتی ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و جیھانێکی بەری لە ستەم، ھەڵاواردن و چەوسانەوەی بە کۆمەڵگای ئێران نیشاندا. بزووتنەوەیەک کە لە شاری سەقز و لە کوردستانەوە دەستی پێکرد، لە ماوەیەکی کورتدا، سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە. ئاخێزێک کە لە دژی ھەڵاواردن و ئاپارتایدی جنسی و جێندەری لە دژی ژنان و بە ناوەرۆکی پێشڕەو، ڕادیکاڵ، ئینسانی و ئازادیخوازانەی خۆی، سیمای کۆمەڵگای ئێرانی گۆڕی، ھاوپشتی نەتەوەکانی ئێرانی بەھێزتر کرد، خەباتی ئازادیخوازانە، یەکسانیخوازانە و عەداڵەت خۆازانەی بەیەکەوە گرێدا، ھاوپشتی و ھاوسۆزی نێونەتەوەیی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانی بەدەستھێنا و درزی قووڵ خستە ناو پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە، بە جۆرێک کە ئاسۆی بەردەوام مانەوەی ئەم نیزامە کۆنەپەرستەیبەرگریکاری نیزامی سەرمایەداری، لێڵ کرد. کۆماری ئیسلامی ھەوڵی دا کە بە کوشتاری لاوانی خوازیاری ئازادی و یەکسانی لە سەر شەقامەکان، بە کوێرکردنی چاوی سەدان کەس لە خۆپێشاندەران، بە زیندانیکردنی دەیان ھەزار کەس، بە ژەھراویکردنی خوێندکارانی کچ لە قوتابخانەکان و بە ئەشکەنجە و ئێعدام، جەماوەری خەڵک ھیوابراو کات و وا نیشان بدات کە کۆتایی بەم بزووتنەوەیە ھێناوە. بەڵام لەلایەکەوە ھێشتا شاھیدی ئەوەین کە ژنان سەرەڕای بوونی دەیان دام و دەزگای کۆنترۆڵ و چاوەدێریی، ئامادەنین چیتر بچنەوە ژێرباری قبوڵکردنی حیجابی زۆرەملێ و لەلایەکی دیکەشەوە بەردەوامبوونی خەباتی بەربڵاوی کرێکاران، موعەلیمان، خانەنشینان، خوێندکاران، پەرستاران و کرێکارانی بواری تەندروستی، پەروەردە، دادخوازان، نەتەوە ستەملێکراوەکان و بەرگریکارانی ژینگە، سەرجەم ئەو ھەوڵە بێھوودانەیان پووچەڵ کردۆەتەوە. ئەم خەباتە درەوشاوەیە، بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو، بەردەوام بووە؛ بە جۆرێک کە لەم ماوەیەدا سیمای کۆمەڵگای ئێرانی گۆڕیوە و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بواری فەرھەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەم کۆمەڵگایەدا پێکھێناوە. حیجابی زۆرەملی، کە ھێمای ئیدئۆلۆژیکی ڕێژیمی ئیسلامی بوو، تووڕ ھەڵدرا و گەشتی بەدناوی ئیرشادی ئیسلامی، لە ئاست ورە و ئیرادەی ژنانی بوێری ئێراندا، بەچۆکدا ھات. پیاوسالاری و ناسیۆنالیزمی گیانسەخەت، کە لە نەریتەکانی کۆمەڵگای ئێراندا ڕەگ وڕیشەی داکوتاوە، لە بەرامبەر بزاڤی خەباتکارانەی لاوان، ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخوازدا، تا ڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی پێکراو و جێگە و پێگەی ژنان لە ھەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا بەرزتر بووەوە؛ لە ئاوا بارو دۆخێکدایە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، خۆیان بۆ یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ساڵیادی دەستپێکی شۆڕشی ژینا و نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ گیانبەختکردووانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە، ئامادە دەکەن .
کۆمەڵە، وێڕای ڕێکخراوە سیاسییەکان و کۆڕ و کۆمەڵ و دامەزراوە مەدەنییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، داوا لە جەماوەری خەڵکی کوردستان دەکات کە:
یەکەم- ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، لە حەرەکەتێکی سیاسی؛ یەکگرتوووانە و لێبڕاوانە دا، کوردستان یەکپارچە دابخەن، با سەرجەم ناوەندەکانی کار و زەحمەت، بازاڕ و ئیدارە دەوڵەتی و تایبەتەکان، ھاوئاھەنگ و یەکپارچە، بە داخستنی شوێنی کار و پیشەکانیان، نموونەیەکی بەرچاو لە بەردەوامبوونی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی"، نیشان بدەن. ئێمە داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان بەشێوەیەکی ھەرچی بەرینتر و یەکگرتووانە تر، مانگرتنی گشتی لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەرێەوە بەرن و لە کۆڕ و کۆبوونەوەی لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردوان، بۆ ڕێز گرتن لە یادیان بەشداریی بکەن.
دووھەم- ئێمە لە ھەر ھەوڵ و کردارێکی پێشڕەوی جەماوەریی لە ئێران بۆ یادکردنەوە و بەرزڕاگرتنی ئەم ڕۆژە و لە سەرجەم بانگەوازەکان بۆ دەربرینی ناڕەزایەتی لە لایەن ڕێکخراوە پێشکەوتنخوازە جەماوەرییەکان لە سەرانسەری ئێران، لە ھەر فۆرم و شێوازێکی مومکین و کاریگەردا بەمەبەستی بەرەوپێش بردن و بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم مانگرتنە گشتییە، پشتیوانی دەکەین..
سێھەم- لە دەرەوەی وڵاتیش، ئێمە وێڕای پشتیوانی لە سەرجەم کۆڕ و کۆبوونەوە و ئاکسیۆنەکانی ڕێکخراو و حیزبە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان، بە شێوەیەکی چالاکانە لە ھاوکاری و ڕێکخستنی ئەو حەرەکەتانەدا بەشدار دەبین.

با، بە مانگرتنی گشتی ٢٥ی خەرمانان، ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی "ژینا ئەمینی"، جارێکی تر لەسەر ئیرادە و ھاوپشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران بۆ درێژەدان بە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی جەخت بکەینەوە و یاد و بیرەوەریی گیانبازی و فیداکاریی گیانبەختکردووانی ئەو شۆڕشە، بەرز و بەڕێز ڕابگرین..

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە
(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

پێنج‌شەممە ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣ی ھەتاوی
١٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤ی زایینی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×