رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ریگەیاند، لەدرێژەی شەپۆلی دەستگیركردنی هاوڵاتیانی كورددا لە بەرەبەری دوەمین ساڵیادی كوژرانی ژینا ئەمینیدا، رۆژی چوارشەممە، هێزە ئەمنییەكانی ئێران رەزا عەلایی، دەرهێنەری كوردیان لە شاری بانە دەستگیركردوە.
ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، رۆژی چوارشەممە 11ی ئەیلول، هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕەزا عەلایی، فیلمساز و دەرهێنەری تەمەن 43 ساڵی خەڵکی ئەو شارەو لەبەر دەرگای ماڵەکەی دەستگیریان كردوە.
هەنگاو ئاماژەی بەوەداوە كە هێزە ئەمنییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی رەزا عەلاییان دەستگیرکردوە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوەتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لەدوای دەستگیركردنی تاوەكو ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستگیركردنی ئەو دەرهێنەرە كوردە نییەو ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو و هەروەها شوێنی ڕاگرتنی نازانرێن.
ڕەزا عەلایی، دەرهێنەر و فیلمسازی خەڵکی بانەیە کە تا ئێستا چەند فیلمێكی کورت و درێژ دروستكردون یەکێك لەوانە بەناوی "زەوییە پیسەکان" توانیویەتی لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان بەشداری بکات.