نەجمەدین غوڵامی هونەرمەندی دیار و گەورەی کورد، لەبارەی دووەمین ساڵیادی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ” داوا لە کوردستانییانی خۆشەویست دەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پشتیوانی ئەم مانگرتنە بکەن لەپێناو ئازادیی و دیموکراسیی.”
ئاوێنە: وابڕیارە لە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی”، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت، لەمبارەیەوە نەجمەدین غوڵامی هونەرمەندی دیار و گەورەی کورد، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکەی نەجمەدین غوڵامی:
گەلی تێکۆشەری کورد، بنەماڵەی سەربەرزی گیان بەختکردووان و زیندانییانی سیاسیی، وەک دەزانن ١٦ـی ئەیلوول دوو ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شۆڕشی “ژن ژیان ئازادیی” بەم بۆنەیەوە من پشتیوانی خۆم دەردەبڕم بۆ مانگرتنی سەرتاسەری، داوا لە کوردستانییانی خۆشەویست دەکەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پشتیوانی ئەم مانگرتنە بکەن لەپێناو ئازادیی و دیموکراسیی، بژی ژن بژی ژیان و بژی ئازادیی، شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی بەردەوامە و بێگومان سەردەکەوێت، سەرکەوتن بۆ گەلی کوردە و گرەوی سەرکەوتنی گەلی ئێمە لە یەکگرتندایە.