وادەی ناردنی موچەی مانگی هەشتی موچەخۆرانی هەرێم ئاشكراكرا
  2024-09-13       917       

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداوە وادەی ناردنی موچەی مانگی موچەخۆرانی هەرێم ئاشكرادەكات و دەڵێت، رۆژی سێشەممەی داهاتو بەغدا پارەكە بۆ هەرێم دەنێرێت.

ئاوێنە: سەرچاوەیەكی ئاگادار، ئەمڕۆ هەینی، بە پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"ی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی بەدەست گەیشتوە كە دو رۆژ لەمەوبەر نێردراوەو لیستەكە وردبینی دەكرێت بەتایبەت دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم وانەبێژانی بەشێوەی گرێبەست دامەزراندون.

سەرچاوەكە وتوشیەتی، بە ئەگەری زۆر رۆژی سێشەممەی داهاتو و لەدوای تەواوبونی وردبینییەكە، موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە خەرج دەكرێت.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمجارە موچەی سەرجەم موچەخۆران بە هێزە ئەمنییەكانیشەوە خەرج دەكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە رۆژی سێشەممەی رابردو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بەردەوامبون لەسەر خەرجكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەگەڵ خەرجكردنی موچەی ئەو موچەخۆرانەش كە بەهۆی نەبونی "ژمارەی وەزیفی"یەوە موچەكانیان راگیرابو.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدابو كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبێت بەوەی كە تا كۆتایی ئەمساڵ رێكارەكانی دروستكردنی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو فەرمانبەرانە لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تەواو بكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×