خاوەنكارەكان "وەك كۆیلەی سەردەم" مامەڵە لەگەڵ كرێكارانی پڕۆژەكانی چیمەنتۆی ئامادەكراو دەكەن
  2024-09-13       365       

كرێكارانی بیناسازیی لە شاری سلێمانی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو مەترسی و پێشێلكارییانە دەردەبڕن كە لەناو پڕۆژەكانی چیمەنتۆی ئامادەكراو روبەڕویان دەبنەوە. سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی دەڵێت، خاوەنكارەكان وەك كۆیلەی سەردەم مامەڵە لەگەڵ ئەو كرێكارانەدا دەكەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، كرێكارانی بیناسازیی لە شاری سلێمانی لە چالاكییەكدا ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر ئەو مەترسی و پێشێلكارییانە دەربڕی كە لەناو پڕۆژەكانی چیمەنتۆی ئامادەكراو روبەڕویان دەبنەوە.

ئەو كرێكارانە، لە چالاكییەكەیاندا چەندین دروشم و داواكاری نوسراویان بەرزكردبوەو، بە دروشمە نوسراوەكان، دەموچاوی خۆیان لەبەردەم كامێرای راگەیاندنكاران شاردبوەوە.

عوسمان زیندانی، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی لەبارەی شاردنەوەی دەموچاویان، وتی، لە ترسی ئەوەیە كە خاوەنكارەكان لە كارەكانیان دەریان نەكەن، چونكە هەر كاتێك كرێكارێك كێشەیەكی هێنابێت بۆ سەندیكا یان داوای مافێكی خۆی كردبێت لەسەر كارەكە دەركراوە.

عوسمان زیندانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەم چالاكییە لەسەر داوای كرێكارەكان رێكخراوە، وتیشی، دوای چەندین كۆبونەوە لەگەڵ ئەو كرێكارانە گەیشتونە یاداشتێك كە تێیدا مەترسی و پێشێلكارییەكانی سەر ئەو كرێكارانە خراونەتەڕو.

سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی بیناسازی لە كۆنگرەكەدا یاداشتەكەی خوێندەوە كە ئاڕاستەی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، پارێزگاری سلێمانی، قائیمقامی سلێمانی و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی تایبەت بە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كرابو.

عوسمان زیندانی وتی"وەك ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقی سەرشانمان بە پێویستمان زانی هەمو لایەك ئاگاداربكەینەوە لەو مەترسی و پێشێلكاریانەی بەرامبەر بە مافی كرێكاران دەكرێن لەناو پڕۆژەكانی چیمەنتۆی ئامادەكراو كە 14 پڕۆژە لەناو سلێمانی تایبەت بەم بوارە هەن و سەدان كرێكاران تێیاندا كاردەكەن، بەڵام خاوەنكارەكان وەك كۆیلەی سەردەم مامەڵە لەگەڵ ئەو كرێكارانەدا دەكەن و هیچ حسابێك بۆ یاسای كارو یاسای سەندیكایی و یاسای دەستەبەری كۆمەڵایەتی و مافی كرێكارەكانیان ناكەن."

عوسمان زیندانی وتیشی، ئەو خاڵانەی خستەڕو كە زۆر مەترسیدارن و پێشێلكارین و لەزۆربەی ئەم پڕۆژەنەدا هەن.

یەكێك لە خاڵەكان وەك لە یاداشتەكەدا هاتبو ئەوەیە كە "لەم پڕۆژانەدا لەكاتی دامەزراندندا بارمتە لە كرێكار وەردەگیرێت كە هیچ بنەمایەكی یاسایی نییەو دواجاریش بارمتەكەیان بۆ ناگەڕێننەوە. واتە كرێكارێك كاتێك دەچێتە ئەو پڕۆژانە، موچەی مانگێك یان زیاتر یان كەمتری لێ وەردەگرن، بۆ بەستنەوەی ئەم كرێكارە. هەندێك كرێكاریش هەیە كە وازی هێناوە بارمتەكەی نادەنەوە. ئەمە پێشێلكارییەكی زەقی یاسایە."

خاڵێكی دیكە بەگوێرەی یاداشتەكە بریتییە لە سەعاتی كاركردن كە بەپێی یاسای كار، هەشت سەعات كارە لە رۆژێكداو چوار سەعات كاركردنی زیادەش هەیە بە كرێی زیاترەوە، بەڵام لەم پڕۆژانەدا سەعاتی كار دیاریكراو نییە و كرێكار هەیە 16 بۆ 18 سەعات لە رۆژێكدا كاری پێ دەكرێت. هەروەها بەپێی یاسای كار لە هەفتەیەكدا ئەبێت رۆژێك مۆڵەت هەبێت بە كرێوە بۆ كرێكار، لەكاتێكدا بەشێك لە پڕۆژەكان لە مانگێكدا یەك رۆژ مۆڵەت و پشو دەدەنە كرێكارەكانیان.

عوسمان زیندانی كە یاداشتەكەی دەخوێندەوە وتی"دەبێت گرێبەستی نوسراو لەنێوان كرێكارو خاوەنكاردا هەبێت و نوسخەیەكی لای كرێكارەكە بێت، بەشێكی زۆری كرێكارەكان نوسخەی ئەو گرێبەستەیان لا نییە كە ئیمزایان پێكراوە."

ئەو كرێكارانە لە یاداشتەكەیان داوا لە وەزارەتی كار دەكەن چارەسەری ئەو گرفتانەیان بكات و بەدەم داواكارییەكانیانەوە بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×