تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، گفتوگانی نێوان ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێم، دەرفەتێكی مێژویین بۆ گەیشتن بە ئاشتەوایی دارایی لەنێوان بەغداو هەولێر و جەختیش دەكاتەوە كە گەیشتن بە رێككەتن لەسەر میكانیزمێكی عادیلانە بۆ دابەشكردنی داهاتە نەوتییەكان و داهاتی دەروازە سنورییەكان، دەبێتە مایەی بەهێزكردنی متمانەو سەقامگیریی ئابوریی وڵات.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق، كەمێك لەمەوبەر راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێم بڵاوكردەوەو رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی هەرێمی كوردستان دۆسیە داراییە هاوبەشەكانی تاوتوێ دەكات.
بەپێی راگەیەندراوەكە، كۆبونەوە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق و ئەنجومەنی ئابوریی هەرێم لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە دەستیان پێكردوەو گفتوگۆكان لەبارەی میكانیزمی بەهێزكردنی هاریكاریی دارایی نێوان هەردولا و گەیشتن بە چارەسەریی بەردەوامن لەبارەی پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەكان.
وەزارەتی دارایی وتوشیەتی، گفتوگۆكان لەچوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی عێراقدان بۆ بەهێزكردنی هاریكاری نێوان بەغداو حكومەتی هەرێم، دۆسیە داراییەكانی وەك موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بودجەی هەرێم و دەروازە سنورییەكان و هەروەها یەكخستنی سیاسەتەكانی گومرگ و باج، گرنگترین ئەو پرسانەن كە كاریگەرییان لەسەر سەقامگیریی ئابوریی عێراق دەبێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق وتویەتی، گفتوگۆكانی هەولێر دەرفەتێكی مێژویین بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی دارایی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم.
وەزیری دارایی جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگی بەهێزكردنی هاریكاریی دارایی نێوان هەردو حكومەت و گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەكان.
تەیف سامی ئاماژەی بەوەشدا كە گەیشتن بە رێككەتن لەسەر میكانیزمێكی عادیلانە بۆ دابەشكردنی داهاتە نەوتییەكان و داهاتی دەروازە سنورییەكان، دەبێتە مایەی بەهێزكردنی متمانەو سەقامگیریی ئابوریی لە وڵاتدا.