كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان: بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق ئاگادار نەكراینەوە
  2024-09-08       221       

وتەبێژى كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان ناسراو بە"ئەپیکۆر" رایگەیاند، "ئاگاداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریی عێراق نین و بۆ کۆبونەوە و دانوستان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی ئابوریى عێراق کۆمەڵەکەیان ئاگادارنەکراوەتەوە".

ئاوێنە: مایڵز كاگینز، وتەبێژی ئەپیكۆر، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای یەكێتی هەناردەکردنەوەی نەوتی بە "ئاڵۆز"، ناوبرد، بەوتەى ئەو بەهۆی ئەوەی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نەناوە.

ئەمە لە کاتێکدایە "ئەپیکۆر" کە لە هەشت کۆمپانیای نێودەوڵەتی بواری نەوت پێکدێت 60%ـی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کە 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەیە بەرهەمدەهێنێت، مایڵز كاگینز، وتى "زیانەکانى راگرتنى هەناردە لە ماوەی 18 مانگی رابردودا لە 20 ملیار دۆلار نزیکبوەتەوە".

لەبارەى هەوڵەکانى هەناردەى نەوت، وتەبێژی ئەپیكۆر، ئاماژەى بەوەکرد، توركیا رایگەیاندوە كە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیەو لە هەمانكاتیشدا حكومەتی هەرێمیش رەزامەندی نیشانداوە، بەڵام حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت نەناوە.

كاگینز، هەناردەكردنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهانی تورکییەوە بە"چانسێك" بۆ عێراق ناوبرد "بۆ ئەوەی بتوانێت پشكی خۆی لە بازاڕی جیهانیدا زیاد بكات".

وتەبێژەکەی ئەپیکۆر باسی لەوەشكردوە، كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكۆر ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەچەند مەرجێك ئەوانیش رێككەوتنێک بکرێت و تێچوی هەناردەی پێشو و ئێستا و داهاتوش مسۆگەر بكات، پارەپێدان بەشێوەیەكی راستەوخۆ بێت، هەروەها رەچاوی مەرجە بازرگانییەكانیشی تێدا بكرێت، وتى "رێككەوتنێكی لەمجۆرە پێویستی بە دەستكارییكردنی گرێبەستەكان هەیە".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×