لە ساڵیادى کوژرانی نیاز دەرگەڵەیی، بنەماڵەکەى رایدەگەیەنن كە هەر لە سەرەتاى روداوەکەوە زانیویانە کە روداوەکە تیرۆرى سیاسییەو دواى 36 رۆژیش لە روداوەکە دەزگا ئەمنییەکان کۆمەڵێک بەڵگەیان نیشانداون، بەڵام هیچیان رادەست نەکردون. دەشڵێن: بەداخەوە دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی ئەم ناوچەیە بە بیانوی جیاجیا كەیسەكەیان شاردەوەو بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆرە زانیارییەكیان لێ بڵاونەكردەوە.
ئاوێنە: ئێوارەی رۆژی 18ی ئابی 2023، نیاز دەرگەڵەیی ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکارانی یەکێتی و ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ناو خانووی باخەکەی لە شاری ڕانیە کوژرا.
ئەمڕۆ لە ساڵیادی روداوەكەدا، بنەماڵەكەی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێن"هەر لە سەرەتای ڕوداوەكە و لە چەند ڕۆژی سەرەتا ئێمە زانیاریمان دەستكەوت، كە روداوەكە تیرۆری سیاسییە، بۆیە دامودەزگا ئەمنییەكان داوای مۆڵەتی زیاترو دانبەخۆداگرتنی زیاتریان لە ئێمە دەكرد."
بنەماڵەكەی دەڵێن"دوای 36 رۆژ تێپەڕبون بەسەر كردەوە تیرۆریستییەكە، دەزگا ئەمنییەكان كۆمەڵێك بەڵگەو داتایان نیشانداین، كە خودی كردەوەكە وەك هێلكە پاككرابو، ئەگەرچی لەسەرەتای ڕوداوەكەوە هەمومان هەمان گومانمان هەبو، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی پێویست لەبەردەست نەبو و دواتریش هیچ بەڵگەیەكیان نەدا بە ئێمە تەنیا نیشانیانداین."
ئاماژە بەوەشدەدەن "ئێمە بەدرێژایی یەك ساڵی رابردو هەوڵی ئێجگار زۆرماندا تا دەسەڵاتی ئەمنی ڕازی بكەین، كە ڕاست و دروستی ڕوداوەكە بۆ ڕایگشتی ئاشكرابكەن و چیتر ئەو كەیسە بەشاراوەیی نەمێنێتەوەو ئێمەش وەك بنەماڵە، بەرچاوڕون بین و بتوانین هەنگاوێك هەڵێنین، بەڵام لەو هەوڵەدا سەركەوتو نەبوین و بەداخەوە كە دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی ئەم ناوچەیە بە بیانوی جیاجیا كەیسەكەیان شاردەوەو بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆرە زانیارییەكیان لێی بڵاونەكردەوە."
ئەوان دەشڵێن، بەرپرسێكی باڵا پێی وتون"ئەو كەیسە سیاسییەو ئێوە بۆ ئێمەی جێبێڵن و دڵنیاتان دەكەینەوە كەیسەكە دەگەیەنینە ئەو شوێنەی كە ئێوەش ئاسودە بكات، ئێمە كارێك ناكەین بەهۆی بڵاوكردنەوەی كەیسێكی لەوجۆرە شەڕی ناخۆ هەڵبگیرسێنینەوە."
بنەماڵەكەی هێما بۆ ئەوەش دەكەن "بەڵام لەو ڕۆژەوە نە هیچ هەنگاوێك لەسەر ئەو كەیسە نراوەو نە هیچ بەرەوپێشچونێكیش هەبوە، بەڵكو بڕوای تەواومان وایە كە ئەم كەیسەش دیزەبەدەرخۆنە كراوەو ئیتر دامودەزگا ئەمنی و حزبییەكانیش هیچ جۆرە هەنگاوێكی لەبارەوە نانێن و فایلەكەی داخراوە، بەڵام نازانین لەبەرامبەر چی؟"
هەروەها دەشڵێن"ئێمە لەسەر داوای دەزگا ئەمنییەكان وردەكاری روداوەكەمان بەكەس نەوتوە، ئەوەش تا سەر ئاوا نابێت و ناشكرێت چیتر كەیسەكە بەشاراوەیی بمێنێتەوە."
هەروەها ئەوان گلەییش لە یەكێتی دەكەن و دەڵێن"لەراستیدا ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان لە حزب نەبو، پێمانوابو حزب زۆر لەوە بە هەڵوێسترو گەرم و گوڕتر دەبێت لە بەدواداچون بۆ كەیسەكە و چارەسەركردنی دەرهاویشتە نەرێنییەكانی…لەماوەی ئەم ساڵەدا بۆمان دەركەوت، كە ئەگەر تەواوی بنەماڵەكەشمان تیرۆركرابوایە هەڵوێستی ئەم حزبە هەمان ئەم هەڵوێستە دەبو كە لەساڵی رابردو بینیمان."
جەختیش دەكەنەوە كە "دیزەبەدەرخۆنەكردنی كەیسی شەهید نیاز دەرگەڵەیی و شاردنەوە و بێدەنگبون لێی هێندەی كردەوە تیرۆریستییەكە بەئازارو پڕ كەسەرە."
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا بنەماڵەكەی دەڵێن"بەڵێ كاك نیاز لە شەڕی ناوخۆدا وەك هەزاران كەسی تر فەرماندەی سەربازی بوە، ئەگەر توشی دوژمندارییەك بوبێت لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بێگومان و بێ دودڵی بەهۆی جێبەجێكردنی فەرمانی حزب بوە، حزبیش بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانیان نەك هەڕاجكردنی خوێنیان و نیشاندانی بێباكی بەرامبەر بنەماڵەكەیان."
جەختیش دەكەنەوە كە نیاز دەرگەڵەیی لە رۆژی كوژرانییەوە "حزبهكهی بێباكانه خودی كردهوه تیرۆریستییهكهشی شاردهوهو پشتی كرده خهبات و قوربانیدانی نزیك به یهك سهدهی بنهماڵهی شههید نیاز دهرگهڵهیی و وهك بیستوشمانه له دانیشتنێكی بهرپرسێكی باڵای ئهو حزبه وتراوه(كهیسهكه كۆن بو و پێویست ناكات باس بكرێتهوه) له وهڵامدا ئێمهش دهڵێین لای ئێمه ههمو رۆژێك ههژدهی ههشته و بۆ ساتێكیش گوزهر ناكهین و ههر لهو ڕۆژهشدا دهمێنینهوه تا كارێك دهكهین كه رۆحی شههید نیاز ئاسوده دهبێت."
دەقى بەیاننامەکەى بنەماڵەى نیاز دەرگەڵەیی:
هاونیشتمانییانی ئازیز
خزم و دۆست و ههڤاڵانی شههید نیاز
ساڵێك لەمەوبەر، كارەساتێكی گەورە و غەدرێكی بێوێنە ڕوی تێكردین و دەستێكی ڕەشی تیرۆر، ڕۆحی پاكی كاك نیازی لێسەندینەوە. ئەو كۆستە گەورەیەی بەسەرمانداهات، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت توشی شۆكێكی گەورەی كردوین و ڕۆژ بەڕۆژیش زامەكەی قوڵ و قوڵتر دەبێتەوە لە دڵ و دەرونی كەسوكار و دۆست و هاوڕێیانی كاك نیاز.
لەیەكەم ساڵیادی شەهیدبونیدا پێویستە زۆر شت بڵێین و زۆرێك لە كەسوكار و دۆست و هاوڕێیان و تەنانەت ڕایگشتی كوردستان ئاگاداربن لە ڕاست و دروستی و زانیاری پشتڕاستكراوهی كردەوە تیرۆریستییەكەی دژ بە شەهید نیاز دەرگەڵەیی.
هەمومان توشی شۆكێكی گەورە بوین بەكردە تیرۆریستییەكەی دژ بە كاك نیاز، بەڵام هەر لە سەرەتای ڕوداوەكە و لە چەند ڕۆژی سەرەتا ئێمە زانیاریمان دەستكەوت، كە روداوەكە تیرۆری سیاسییە، بۆیە دامودەزگا ئەمنییەكان داوای مۆڵەتی زیاترو دانبەخۆداگرتنی زیاتریان لە ئێمە دەكرد، تا رۆژی 23/9/2023 واتا دوای 36 رۆژ تێپەڕبون بەسەر كردەوە تیرۆریستییەكە، دەزگا ئەمنییەكان كۆمەڵێك بەڵگەو داتایان نیشانداین، كە خودی كردەوەكە وەك هێلكە پاككرابو، ئەگەرچی لەسەرەتای ڕوداوەكەوە هەمومان هەمان گومانمان هەبو، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی پێویست لەبەردەست نەبو و دواتریش هیچ بەڵگەیەكیان نەدا بە ئێمە تەنیا نیشانیانداین.
بۆچی هیچ زانیارییەك بۆ ڕایگشتی بڵاونەكرایەوە؟
ئێمە بەدرێژایی یەك ساڵی رابردو هەوڵی ئێجگار زۆرماندا تا دەسەڵاتی ئەمنی ڕازی بكەین، كە ڕاست و دروستی ڕوداوەكە بۆ ڕایگشتی ئاشكرابكەن و چیتر ئەو كەیسە بەشاراوەیی نەمێنێتەوەو ئێمەش وەك بنەماڵە، بەرچاوڕون بین و بتوانین هەنگاوێك هەڵێنین، بەڵام لەو هەوڵەدا سەركەوتو نەبوین و بەداخەوە كە دەسەڵاتی ئەمنی و سیاسی ئەم ناوچەیە بە بیانوی جیاجیا كەیسەكەیان شاردەوەو بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆرە زانیارییەكیان لێی بڵاونەكردەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەرپرسێكی باڵا كۆبوینەوە، تەنیا داواكاریمان ئەوە بو كە ئەو كەیسە دیزەبەدەرخۆنە نەكرێت و بڵاوبكرێتەوە، بەرپرسەكە ڕاشكاوانە وتی (ئێمە وەكو لایەنی تر نین كە ئەوەی ڕوبدات بیخەینە سەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان و سۆشیال میدیا، ئەو كەیسە سیاسییەو ئێوە بۆ ئێمەی جێبێڵن و دڵنیاتان دەكەینەوە كەیسەكە دەگەیەنینە ئەو شوێنەی كە ئێوەش ئاسودە بكات، ئێمە كارێك ناكەین بەهۆی بڵاوكردنەوەی كەیسێكی لەوجۆرە شەڕی ناخۆ هەڵبگیرسێنینەوە) بەڵام لەو ڕۆژەوە نە هیچ هەنگاوێك لەسەر ئەو كەیسە نراوەو نە هیچ بەرەوپێشچونێكیش هەبوە، بەڵكو بڕوای تەواومان وایە كە ئەم كەیسەش دیزەبەدەرخۆنە كراوەو ئیتر دامودەزگا ئەمنی و حزبییەكانیش هیچ جۆرە هەنگاوێكی لەبارەوە نانێن و فایلەكەی داخراوە، بەڵام نازانین لەبەرامبەر چی؟.
گومانەكان لەسەر كەیسی تیرۆركردنی شەهید نیاز دەرگەڵەیی تا دێت زیادو زیاتر دەبن لەلایەن كەسوكار و دۆست و هاوڕێیانی شەهید نیاز، لەساتی ڕودانی كردە تیرۆریستییەكەوە خەڵك دەپرسێت و داوای زانیاریمان لێدەكرێت، بەڵام ئێمە لەسەر داوای دەزگا ئەمنییەكان وردەكاری روداوەكەمان بەكەس نەوتوە، ئەوەش تا سەر ئاوا نابێت و ناشكرێت چیتر كەیسەكە بەشاراوەیی بمێنێتەوە.
حزب و بەرپرسە باڵاكان
هێشتا چلەی تیرۆركرانی كاك نیاز تێنەپەڕیبو، كە هەمومان دركمان بەوەكرد ساردەخەمی و بێباكییەك هەیە لەلایەن حزب و بەرپرسە باڵاكان، تەنانەت وایلێهاتبو جگە لە كاك (ئارامی قادر خەبات) كە دۆست و خزمێكی بەوەفا و بەهەڵوێستە و تا ئەمڕۆش شەونخونی بۆ ئەو كەیسە دەكات، هیچ بەرپرسێكی تر وهڵامی پرسیارێكی ئێمەی نەدایەوە، هەرچەندە هەریەكە لە بەرپرسی مەڵبەندەكانی راپەڕین و سۆران و سەرۆكی ئیدارەی راپەڕین زۆر هاوكارمان بون، بەڵام ئەوانیش چاوەڕوانی سەروی خۆیان بون و بڕیار لای ئەوان نەبو.
لەو ساڵەدا سەرباری ئەوەی بنەماڵەكەمان كۆستێكی گەورەی كەوتبو، ئەوا ئاستەنگی ئێجگار زۆریشمان هاتە بەردەم، لەراستیدا ئێمە ئەو چاوەڕوانییەمان لە حزب نەبو، پێمانوابو حزب زۆر لەوە بە هەڵوێسترو گەرم و گوڕتر دەبێت لە بەدواداچون بۆ كەیسەكە و چارەسەركردنی دەرهاویشتە نەرێنییەكانی، پێمان وابو حزب بۆ رێزگرتن لە خوێنی شەهید نیاز دەرگەڵەیی، كە پەنجا ساڵ تەمەنی خۆی پێشكەش بەو حزبە كرد و بۆ رێزگرتن لە بنەماڵەكەی كە بۆ رۆژێك لەبەرەی خیانەت و خۆفرۆشاندا نەبون و نزیك بە سەدەیەكە خزمەت بە نەتەوەو نیشتمانەكەیان دەكەن و لەو رێگەیەشەوە قوربانی و ماڵوێرانی زۆریان بینیوە، بەڵام پێچەوانەكەی دروست بو، لەماوەی ئەم ساڵەدا بۆمان دەركەوت، كە ئەگەر تەواوی بنەماڵەكەشمان تیرۆركرابوایە هەڵوێستی ئەم حزبە هەمان ئەم هەڵوێستە دەبو كە لەساڵی رابردو بینیمان.
دیزەبەدەرخۆنەكردنی كەیسی شەهید نیاز دەرگەڵەیی و شاردنەوە و بێدەنگ بون لێی هێندەی كردەوە تیرۆریستییەكە بەئازارو پڕ كەسەرە، لەكاتێكدا تێكۆشەرێكی ئەم حزبە لەسەر هەڵوێست و بەرگریكردن لە یەكێتی توشی كێشەیەك دەبێت و دواتر تیرۆر دەكرێت، چۆن دەبێ حزب ئاوا لێی بڕوانێ و كەیسەكەی ئاوا دیزەبەدەرخۆنە بكات؟ بەڵێ كاك نیاز لە شەڕی ناوخۆدا وەك هەزاران كەسی تر فەرماندەی سەربازی بوە، ئەگەر توشی دوژمندارییەك بوبێت لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بێگومان و بێ دودڵی بەهۆی جێبەجێكردنی فەرمانی حزب بوە، حزبیش بەرپرسیارە لە پاراستنی گیانیان نەك هەڕاجكردنی خوێنیان و نیشاندانی بێباكی بەرامبەر بنەماڵەكەیان، لێرەشەوە دەپرسین ئایا تەنها نیاز دەرگەڵەیی بەشداری شەڕی ناخۆی كردبو؟ تەنیا ئەو بەتەنیا شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساندبو؟ لە راستیدا پێویستە ئەوانە باجی هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیان بخرێتە ئەستۆ كە هۆكاری ئەم شەڕە ماڵوێرانكەرە بون، نەك ئەوانەی بونە قوربانی. ئەگەر بڕیاربێ تۆڵە لەوانە بكرێتەوە كە بەشداریی شەڕی ناوخۆیان كردوە، ئەی كێ تۆڵە لەوانە بكاتەوە كە دەستی دوژمنانی كوردیان ماچ كرد لەپێناو بەدەستهێنانی چەند فیشەكێك بۆ كوشتنی براكانیان؟
بكوژانی شەهید نیاز و هاوكارانیان وەك هەمو دیكتاتۆر و تیرۆریستانی دونیا مەستی هەبونی هێز و دەسەڵاتن ئێستا، بێئەوەی بیر لەوە بكەنەوە سەدام حوسێنیش لەسەردەمێك هەزاران هێندەی ئەوان هێز و دەسەڵاتی هەبو، بەڵام دواجار لە كونە مشكێك دەریانهێناو سزای عادیلانەی خۆی وەرگرت. ڕەنگە پێتانوابێ هێز و پارەی ئێستاتان فریادڕەسی ئەبەدیتانە، بەڵام خوێنڕشتن و تیرۆر، هەرگیز بێباج تێناپەڕێ و ڕۆژێك دێت لەكونە مشك دەرتان بێنین و تۆڵەی هەزاران نیازتان لێبكرێتەوە و وەك سەدام بخرێنە پیسترین زبڵدانی مێژو.
له كۆتاییدا ڕوی دهممان دهكهینه هاوڕێ و هاوسهنگهرانی شههید نیاز و پێیاندهڵێین: كاك نیاز تیرۆر كرا و باجی ئهوهیدا كه به ڕۆح و گیان بهرگری له حزبهكهی كرد، ئهو تا رۆژی شههیدبونیشی له خزمهت ئهو حزبهدا بو و بۆ ساتێكیش پشتی تێنهكرد، بهڵام له رۆژی شههیدبونییهوه حزبهكهی بێباكانه خودی كردهوه تیرۆریستییهكهشی شاردهوهو پشتی كرده خهبات و قوربانیدانی نزیك به یهك سهدهی بنهماڵهی شههید نیاز دهرگهڵهیی و وهك بیستوشمانه له دانیشتنێكی بهرپرسێكی باڵای ئهو حزبه وتراوه(كهیسهكه كۆن بو و پێویست ناكات باس بكرێتهوه) له وهڵامدا ئێمهش دهڵێین لای ئێمه ههمو رۆژێك ههژدهی ههشته و بۆ ساتێكیش گوزهر ناكهین و ههر لهو ڕۆژهشدا دهمێنینهوه تا كارێك دهكهین كه رۆحی شههید نیاز ئاسوده دهبێت.