لەبارەی دواكەوتنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبودجەی گشتی جێگیر كراوەو هیچ ترسێك نیە لەسەر نەبونی مووچە و رەنگە موچەی فەرمانبەران دوا بكەوێت بەهۆی وردبینی رێكارە ئیداری و تەكنیكیەكان، بەڵام مەترسی لەسەر نەبونی نیە، چونكە لەبودجەدا جێگیر كراوە.
ئاوێنە: سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی رادەستكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەكرد، دوای بەدوادچوونەكانیان بۆیان دەركەوتووە كە حكومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم داهاتی ناوخۆ بەو شێوەیەیی كە رێككەوتنی لەسەر كراوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق ناكات.
سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا ئاشكرای كردووە، لەئێستادا حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ رادەستی حكومەتی عێراق دەكات، بەڵام ئەو بڕە نیە كە رێككەوتنی لەسەر كراوە.
وتیشی: لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم، كێشەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەبارەی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتییەكانە بەوپێیەی جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ گرێبەستەكانی عێراق هەیەو داوایان لەوەزیری نەوت كردووە گرێبەستەكانی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان هەموار بكرێنەوە.