بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەکانیان بەشێک لە کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی مانگرتنیان لە کارکردن ڕاگەیاند، هۆشداریش دەدەنە حکومەتی هەرێم لە دواکەوتنى زیاتری مووچەکانیان.
ئاوێنه: نزیکەى ٥٠ ڕۆژە مووچەی مووچەخۆرانى هەرێم لە بەغدا دواکەوتووە، بەوهۆیەوە کارمەندانى هاتوچۆی سلێمانی دەنگی ناڕەزایەتیان بەرزکردەوە.
بەیانی ئەمڕۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی سلێمانی مانگرتنیان لە کارەکانیان ڕاگەیاند، بەهۆیەوەى نزیکەى ٥٠ ڕۆژە مووچەکانیان پێنەدراوە.
لە ئێستادا کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ کارەکانى هاوڵاتییانیان ڕاگرتوووە و مامەڵەکانی هاوڵاتییان جێبەجێ ناکەن.
بەشێک لەو کارمەندانە ئاماژە بەوە دەکەن، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانى پەیداکردنى داهات بۆ حکومەت و ڕۆژانە بە بەرچاوی ئەوانەوە ملیاران دینار ڕادەستى حکومەت دەکرێت، بەڵام خۆیان ٥٠ ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
هەروەها کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدەن لە زیاتر دواکەوتنى مووچەکانیان و دەڵێن ئەگەر لە نزیکترین ماوەدا مووچەکانیان پێنەدرێت، ئەوا بایکۆتى گشتیی و درێژخایەن ڕادەگەیەنن.