نور زوهێر, گەورە تۆمەتباری پرۆسەی دزینی پارەی ئەماناتی باجەكان لە عێراق, كە "دزی سەدە"ناسراوە, دەڵێت: ئەگەر لە داگایەكی ئاشكرادا دادگایی بكرێم, هەموو ئەو ناوانە ئاشكرا دەكەم كە لەم دۆسیەیەوە گلاون.
نور زوهێر, لە یەكەم چاوپێكەوتنیدا لە دوای تۆمەتباركردنی بەو دزییە گەورەیە, كە كەناڵی "شەرقیە" لەگەڵی ئەنجامیداوەو بەمزوانە تەواوی چاوپێكەوتنەكە بڵاودەكرێتەوە, ئاماژە بەوەدەكات: ئەو پارانە چەك و مامەڵە بوون و لەلایەن دەستەی دەستپاكییەوە وردبینی بۆ كراوە, تەنها دینارێكیشی پارەی حكومەت نیە.
یەكێك لەو پەرلەمانتارانەی كە ئێستا قسە لەسەر ئەو پرسە دەكات, داوای خانویەكی لێكردم روبەڕوی زەوییەكەی (1200) مەتر بێت, بەمەرجی ئەوەی لە شەقامی ئەمیرات بێت, لە ناوچەی مەنسوری بەغداد.
بەگوێرەی نوسراوێكی فەرمی دەستەی باجەكان, بڕی (2) ملیار(500) ملیۆن دۆلار, لە نێوان مانگی تشرینی دووەمی (2021)و ئابی (2022) لە بانكی رافیدەینی حكومەتی عێراق لە ڕێی (247) چەكی داراییەوە بەشێوەی كاش درا بە پێنچ كۆمپانیا.
دوو مانگ پێش كۆتایهاتنی ماوەی دەسەڵاتی حكومەتی پێشوی عێراق, بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی, ئەو پرۆسەیە ئاشكرا كرا.
دزی سەدە, بە یەكێك لە گەورەترین پرۆسەكانی دزیكردن لە مێژوی عێراق دادەنرێت, بەپێی تازەترین ئەو زانیارییانەی دزەی كردووە, بڕی ئەو پارەیەی دزراو زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەیە كە راگەیەندراوە, لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆكی دەستی دەستپاكی عێراق داوای لە دەستەی باجەكان كردووە, بڕی تەواوەتی ئەو پارەیە ئاشكرابكات كە لەو پرۆسەیەدا دزراوە.
تائێستا نزیكەی (30) تۆمەتبار لەسەر ئەو دۆسییە دەستگیركراون, پێشتر دادگای تاوانەكانی گەندەڵی رۆژی (14)ی ئەم مانگەی دیاریكردبوو وەك وادەی دادگایكردنی نور زهێر, بەڵام وادەكەی دواخرا بۆ كۆتایی ئەم مانگە, بەگوێرەی هەندێك لە میدیا عێراقیەكان, دواخستنەكە بەهۆی ئامادەنەبوونی تۆمەتبار لە دادگاكە.