وەزارەتی تەندروستیی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمو سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لەپارێزگاکانی عێراق، لەبارەی ئاوڵەی مەیمون ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشێنی پێویست بگرنەبەر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم-یش دهڵێت، "سبهی کۆبونەوەمان دەبێتو بڕیاری پێویستی خۆمان دەدەین".
ئاوێنه: خێرا بڵاوبونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون كە بە (ئیمبۆكس) ناسراوە، لە 13 وڵات وای لەڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی کرد باری لەناکاوی تەندروستیی جیهانی ڕابگەیێنێت.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانو سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لەپارێزگاکانی عێراق، لەبارەی ئاوڵەی مەیمون ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێوشێنی پێویست بگرنەبەر.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نوسراوێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هاوپێچی نوسراوەکەی کردووە، تێیدا باری لەناکاوی بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیمون ڕاگەیاندووە، وەک مەترسییەک لەسەر تەندروستیی جیهانی.
جەخت لەجێبەجێکردنی ڕێکارە پێویستەکان دەکاتەوەو داوایانلێدەکات ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لهلێدوانێكی ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند، "نوسراوەکەمان بەدەستگەیشتووە، بەیانی کۆبونەوەمان دەبێتو ناوەڕۆکی نوسراوەکەو گرتنەبەری ڕێککارەکان تاوتوێ دەکەین و بڕیاری پێویستی خۆمان دەدەین".
هاوكات بهرێوهبهرایهتی تەندروستی سلێمانی نیشانەو هۆكارەكانی توشبونو خۆپاراستن بەئاوڵەی مەیمون بەمشێوەیە باسدەكات:
ئەم نەخۆشیە ڤایرۆسیە بەهۆی ڤایرۆسێكەوە دروست دەبێت و نیشانە باوەكانی بریتییە لە هەوكردنی بەئازاری پێست و نیشانەكانی بەردەوام دەبێت لە دوو هەفتە بۆ چوار هەفتەو تا و سەرئێشە و ئازاری جومگەكان و پشت ئێشەی لەگەڵدا دەبێت.
ئاوڵەی مەیمون لەمرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە لەڕێگەی تێكەڵاوبونی جەستەیی كەسی توشبو یاخود دەستلێدان لەكەلوپەلی پیسبو بەو ڤایرۆسە یان دەستلێدان لەئاژەڵی توشبو.
هۆكارەكانی گواستنەوەی ئاوڵەی مەیمون:
- تێكەڵاوبوونی كەسانی توشبو لەڕێگەی دەستلێدان و كاری سێكسی.
- دەستلێدان لەپێستی كەستی توشبوو ماچكردنی.
- دەستلێدان لەدەموچاو لەكاتی قسەكردن یاخود هەناسەدان.
- دەستلێدان لەكەلوپەلی توشبو بە ڤایرۆسەكە.
- دەستلێدان لەئاژەڵی توشبو لەڕێگەی ڕاوكردن و كەوڵكردن و بەكارهێنانی گۆشتەكەی.
ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون بۆ یەكەمجار لەساڵی 1958 لەدانیمارك دۆزرایەوە لەنێو ئەو مەیمونانەی بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەی پزیشكی بەكاردەهێنران، لەساڵی 1970 بۆ یەكەمجار توشبونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە لەوڵاتی كۆنگۆ لەئەفریقا تۆماركرا.
نیشانەكانی ئاوڵەی مەیمون:
ئەم نەخۆشیە نیشانەكانی لەهەفتەیەكدا دەردەكەوێت تا چوار هەفتە دەخایەنێت و لای هەندێك كەس كە بەرگرییان لاوازە ماوەكەی درێژتر دەبێت.
- هەوكردنی پێست و هەوكردنی قوڕگ.
- تالێهاتن و سەرئێشە و بێهێزی.
- ئازاری ماسولكە و ئازاری پشت.
- ئاوسانی گرێ لیمفاوییەكان.
ئاوڵەی مەیمون لەشێوەی هەوكردنی پێست دەردەكەوێت و شوێنە توشبووەكە پڕدەبێت لەشلەمەنی و دەبێتە هۆی خورانی زۆرو بەئازار، لەكاتی چاكبونەوە پێستەكە وشك دەبێتەوەو هەڵدەوەرێت و زۆرینەی توشبووان لەماوەی 2 بۆ 4 هەفتە چاك دەبنەوە.
ڕێنمایی بۆ كەسی تووشبوو بە ئاوڵەی مەیمون:
* ئاگاداركردنەوەی هەر كەسێك بەم دواییە تێكەڵاویت كردوە.
* دوركەوتنەوە لەئەنجامدانی كاری سێكسی.
* مانەوە لەماڵەوە تائەو كاتەی پێستی توشبو نامێنێت و چینێك پێستی نوێ دروستدەبێت.
* داپۆشینی شوێنە توشبووەكان و بەكارهێنانی دەمامك كاتێك لەگەڵ خەڵكی تر دەبیت.
* شوشتنی دەستەكان بەئاوو سابون و مەوادی پاكژكەرەوە بەتایبەت لە پێش و دوای دەستلێدان لەشوێنی توشبو.
* دەست لێنەدان و برینداركردنی شوێنی توشبوو ئەوە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی چاكبونەوەو گواستنەوەی بۆ شوێنی تری جەستە.
ساڵی 2022 ئاوڵەی مەیمون بەشێوەیەكی كتوپڕ لەسەرتاسەری ئەوروپاو هەردو كیشوەری ئەمریكای باكورو باشور بڵاوبوەوەو لە 110 وڵاتدا توشبونی 87 هەزار كەس و 112 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركران، لەئێستادا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاوڵەی مەیمونی وەك بارێكی لەناكاوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاندو ئامادەكاریی دەكات بۆ ڕێگریی لەبڵاوبونەوەی ئەو پەتایە.