ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت، هەولێر پایتەختەو ئاواییەكی لاچەپ نییە، كوێخایەتی تیا بكرێت. دەشڵێت، دەشێ و رێی تێدەچێ بە دیموکراسیی و بە دەنگدان و بە هێزی نەرم، کوردو کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی هەولێری داهاتو بکا، "ئەمە نە کوفرە، نە عەیبەو نە عاجباتی."
ئاوێنە: ستران عەبدوڵا، ئەمڕۆ شەممە، لە نوسێنێكدا وتویەتی"هەولێر هەروەها چونکە پایتەختی وڵاتەکەشمانە مافی هەمو خەڵکی کوردستانیشی بەسەرەوەیە. هەولێر ئاواییەکی لاچەپ نییە کوێخایەک بتوانێ.. کوێخایەتی تیا بکاو تەواو. ئەمە بچوککردنەوەی هەولێرەو هەق نییە پێی رازی بین."
ئاماژەی بەوەشداوە "هەولێر گەرەکە شوێنی بزوتنەوەی دیموکراتی و جوڵەی پەرلەمان و قسەی حوکمڕانیش بێت. ئەوی حەوسەڵەی کەمەو چیکڵدانی تەنگە، ئەوەی لیاقەت و لەباقەت و قیافەتی ئەم ئەمانەتە مەزنەی نییە پێویست ناکات خۆی راپسکێنێ و خۆی سەغڵەت بکاو خۆی خۆی بکات."
وتوشیەتی"هەوڵێر کۆمسێۆنی تیایەو یەک حەمکە پاوەر و پارەی دیموکراتی تیا خەرج کراوەو سەدان ۆرک شۆپ و مەشق و راهێنانی حوکمڕانی هاوچەرخی بۆ خراوەتەگەڕ. خۆ ئەمە گاڵتە نییەو خۆ ئیشەڵلا ئەوانە بۆ سوعبەت نەکراون؟!"
ستران عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشداوە "دەشێ و رێی تێدەچێ و لەوانەیە و گوێی ستەمکار کەڕ بێ، بە دیموکراسیی و بە دەنگدان و بە هێزی نەرم، کوردو کرمانجێکی دڵسۆز حوکمی هەولێری داهاتو بکاو لە پایتەختی کوردستانەوە حوکمی هەمو کوردستانیش بگەشێنێتەوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەمە نە کوفرە، نە عەیبەو نە عاجباتی. ئەمە گەمەی دیموکراسیی و دەورانی مێژو و ئازایەتی هەولێرییەکان و کوردستانییان دوا قسەی تیا دەکەن."
ئەوەش دوای ئەوە دێت كە پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە رێوڕەسمێكدا لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو حزبەدا وتی"ئەوانەى دەیانوت هەولێر وەردەگرینەوە بەحەیاتى چاویان پێی ناکەوێ مەگەر بچن لە مەریخ وەریبگرنەوە، با كهس خۆی ماندونهكات ههولێر ههر هی پارتییه."