بەرپرسێكی یەكێتی وەڵامی پشتیوان سادق دەداتەوە: وەك ئێوە بەسەر پشتی دەبابەوە نایەین بۆ هەولێر
  2024-08-17       1057       

دوای ئەوەی پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، ئەوانەی دەیانوت هەولێر وەردەگرینەوە بە حەیاتی چاویان پێی ناكەوێ مەگەر بچن لە مەریخ وەریبگرنەوە، هەولێر هەر هی پارتییە. ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لە وەڵامدا دەڵێت: ئێمە لە مەریخەوە نایەین وەك ئێوە كە لە مەریخی سەر پشتی دەبابەكانی بەعسەوە هاتن بۆ هەولێر.

ئاوێنە: پشتیوان سادق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە رێوڕەسمێكدا لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەو حزبەدا وتی"ئەوانەى دەیانوت هەولێر وەردەگرینەوە بەحەیاتى چاویان پێی ناکەوێ مەگەر بچن لە مەریخ وەریبگرنەوە، با كه‌س خۆی ماندونه‌كات هه‌ولێر هه‌ر هی پارتییه."

لەبەرامبەردا لوقمان وەردی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی وتی"ئێمە لەمەریخەوە نایەین وەک ئێوە کەلەمەریخی سەرپشتی دەبابەکانی بەعسەوە هاتن بۆ هەولێر. ئێمە وەک کەرکوکی قودسی کوردستان بەپشتیوانی خوا، پاشان بەپشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەهێزی یاسا دێینەوە باوەش بەهەولێری قەڵاو منارەدا دەکەینەوە نەک وەک ئێوە کە بەهێزی دەبابەکانی سەدام هەولێرتان داگیرکرد."

لوقمان وەردی وتوشیەتی"ئێستاش دوای ساڵانێکی زۆر لەو داگیرکارییە لەناو سەنتەری شاری هەولێر لەبەرامبەر یەکێتی و هێزەکانی تر هەر کەمینەن. لێشتان ناگرین، چونکە دەزانین شۆکی سەرکەوتنی شاهانەی یەکێتی لە کەرکوک خەوی لێ زڕاندون و دەبێ بەو خەیاڵ پڵاویە خۆتان بخافڵێنن. بیریشتان نەچێ رۆژان رۆژی لەدوایەو ئەوەی ئەمڕۆ بەخۆتان دەنازن سبەی بەخەیاڵیش نایەتە خەونتان."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×