یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگهیاند، بەپێی زانیارییەکانی بەردەستیان، "یەکێتی بەردەوامە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)".
ئاوێنە: گولەر لەمیانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی خەبەر تورکدا، لهبارهی یهكێتی نیشتیمانی كوردستان و شاری سلێمانییهوه، رایگهیاند، "یەکێتی بەردەوامە لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە، حکومەتی عێراقیش لەمە نیگەرانە، سەرەڕای ئەوەی دەیانجار سەرکۆمارو وەزیری دەرەوەمان و من باسمان لەم بابەتە کردوە، بەڵام کەسی پەیوەندیدار لەیهكێتی بەردەوامە لەچالاکییەکانی".
ئاماژهی بهوهشكرد "تورکیا تێپەڕبونی ئەو فڕۆکانەیان بە ئاسمانی وڵاتەکەیاندا قەدەغەکردوە کە لەسلێمانییەوە دەست بە فڕین دەکەن، لەکاتێکدا تورکیا لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەپەیوەندییەکی هێندە نزیکدایە".
وەزیری بەرگریی تورکیا وتیشی "ئومێدەوارین کەسانی پەیوەندیداری یهكێتی و سلێمانی ساتێک زووتر پەیوەندی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) بپچڕێنن، پێموایە ئەوە باشترین کارە بکرێت بۆ ئەوەی تورکیا دۆستایەتیان بکات".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا سەبارەت بەوەی دامەزراندنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دژ بە پەکەکە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گەیشتوەتە چ قۆناغێک، گولەر ئاماژەی بەوە کرد کە "هەمو شتێک وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بە ئەرێنی بەرەوپێش چوە".