بەپێی بەدواداچونێكی میدیای رەسمی گۆڕان لە مەرزی پشتەی سنوری گەرمیان لەلایەن فەرمانبەرێکەوە 250 ملیۆن دیناری داهاتی باج و گومرگ دزراوە، فەرمانبەرەكە هەڵاتوەو تا ئێستا دەستگیر نەکراوە.
ئاوێنە: میدیای رەسمی گۆڕان، ئەمڕۆ هەینی، بڵاویكردۆتەوە، لە رۆژی سێشەممە(13/8/2024)ەوە، فەرمانبەرێکی بانکی مەرزی پشتە بەناوی (و) بڕی 250 ملیۆن دیناری داهاتی باج و گومرگی بردوە و هەڵاتوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو کەسە ماوەی (15) ساڵە فەرمانبەرە و ماوەی دو ساڵیشە لە بانکی پشتە دەوام دەکات.
ئەوەش خراوەتەڕو، لەلایەن ئاسایشی گەرمیانەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەرچوە، بەڵام تائێستا دەستگیر نەکراوە.