مەكتەبی سیاسی پارتی لە ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیاندا رایگەیاند، وێڕای ئەو "گەلەكۆمەكییە"ی لە پارتی كرا، بەڵام "هیندەی دیكە پێگەو ناوبانگی…بەهێزتر كردوە" و لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، ھاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەردو بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک.
ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمشەو پێنجشەممە، بەبۆنەی تێپەڕبونی 78 ساڵ بەسەر دامەزراندنی حزبەكەیاندا، پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەدا هاتوە"پارتی کە ئەو ھەمو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانەو ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەمو ئاستەکان بەھێزتر کردوەو بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردوە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەخت و دژوارانە بێت."
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، مەكتەبی سیاسی پارتی لە پەیامەكەیدا وتویەتی"پارتیمان بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت و ھاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک، تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن."
ئاماژەی بەوەشداوە، سەقامگیری كوردستان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك، "پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانیی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان ھەوڵی بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشی لە پێناودا نواندوە."
دەقی بەیاننامەكەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:
جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان
خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان
پێشمەرگە قارەمانەکان
ئەمڕۆ حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە لە شازدەی ئابی ساڵی 1946، لە نێو تاریکایی زوڵم و ستەم و ڕۆژگاری پڕ دەردەسەریی ئەوکات و لە وەرچەرخانێکی مێژوییدا، پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکێشیی خەباتێکی نەپساوەی لە پێناو ئازادیی گەل و خاک و نیشتمان لە ئەستۆ گرت و لەوساوە تا ئێستا، لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی کوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی ھەلومەرج و دەرفەتەکان دەستکەوت گەلێکی فرەلایەنی بۆ گەلی کوردستان وەدەستھێناوە، کە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەکەینەوە.
یادی دامەزراندنی پارتی، تەنیا یادی حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو یادی ھزرێک، ڕێبازێکە، کە ھەم ھەنگاوێکی گرنگ و بێھاوتا بو لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد و خەباتی نەسرەوتوی گەلەکەمان، ھەمیش پێویستییەکی مێژویی بو بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجەکانی گەلەکەمان.
ھاوڵاتیانی ئازیزی کوردستان
ھەڤاڵان و جەماوەری ھێژای پارتیمان
زنجیرەی خەباتی نەپساوەی چەکداریی و سیاسیی و دیپلۆماسیی و میدیایی پارتیمان لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشانیدا لە سەردەمی پاشایەتی و کۆماریدا و ھەروەھا لە شۆڕشەکانی ئەیلولی مەزن و گوڵان و ڕاپەڕینی ئاداری 1991داو، ھەمو ئەو دەستکەوتانەی لەو کاروانە نەپساوەدا بەدیھاتون، گەواھیدەری ئەوەن، کە پارتی ھێزێک و ڕێکخستنێک و بزوتنەوەیەکی پێشەنگ و پشتئەستور بوە بە جەماوەر و تێکڕای چین و توێژ و پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبییەکانی کوردستان، ھەروەھا بە گیانی کوردایەتی و کوردستانی و کولتوری دایالۆگ و برایەتی و پێکەوەژیان لەسەر ئاستی نێوخۆ و پارچەکانی دیکەی کوردستان کاری کردوە بۆ بەدیھێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و سەرخستنی دۆزە ڕەواکەمان و دابینکردنی مافەکانمان.
ئەمڕۆ کە یادی شکۆداری 16ی ئابە، گەلەکەمان قۆناغگەلێکی دور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندوە و چەندین مین و پیلانی پوچەڵ کردۆتەوە و بە ئومێدەوە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت. پارتی کە ئەو ھەمو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگریی و بەرگریی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و نێوبانگی لەسەر ھەمو ئاستەکان بەھێزتر کردوە و بەرنامە نیشتمانی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێگەی ئومێدی جەماوەرە، پتەوی ڕیزەکانی نێوخۆشی وایکردوە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەخت و دژوارانە بێت.
کوردستانییانی ھێژا
لە یادی 16ی ئابدا، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسودە و سەقامگیرتر ھەنگاو دەنێین بۆ بەھێزترکردنی پێگەی سیاسی و ئابوری و دیپلۆماسیی ھەرێم، بەرەو ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024 ئەنجام دەدرێت، ھەڵبژاردنێک کە پارتیمان بە بایەخەوە لێی دەڕوانێت و ھاوکارین بۆ سەرخستن و ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی دیموکراسییانەی پاک و بێگەرد و بێ دەستتێوەردانی ھیچ لایەک، تا دەنگدەرانی کوردستان ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە کەشێکی ئارامدا نوێنەرانی خۆیان بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بێت و، بتوانێت سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر ببات، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانیی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان ھەوڵی بۆ داوە و زۆرترین نەرمیشی لە پێناودا نواندوە.
ھاوڵاتیانی خۆشەویست
پارتیمان، لە ڕوانگەی بەخەمەوەبون بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھەرێم و جێبەجێکردنی دەستور، جگە لە ھەرێم لە چوارچێوەی عێراقیشدا لە پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوامدا بوە تا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ھاوبەشی، سازان، ھاوسەنگی، چارەسەر بۆ جیاوازییەکان بدۆزێتەوە و خەڵکی کوردستانییش بە موچەخۆرانی ئازیزیشەوە بە ماف و شایستەکانییان بگەن، ئەم چارەسەرییانەش ببنە بناغەی پێکەوەژیانی پێکھاتە جیاجیاکانی عێراقی فیدراڵ.
لەسەر ئاستی ناوچەکەش، پارتیمان لە پێناو ئارامی و ئاساییشی خەڵکی کوردستان بەردەوام ھەوڵی داوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە پەیوەندییەکی باش و ھاوسەنگدا بێت کە بەرژەوەندیی ھەمو لایەکی تێدا پارێزراو بێت و، ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە مایەی سەقامگیریی ناوچەکە بێت و، وەکو چۆن چاوەڕوانین لە دراوسێکانمانەوە ھەڕەشە لەسەر کوردستان نەبێت، بەھەمان شێوە ھەرێم نابێتە گۆڕەپانێک بۆ ھەڕەشە لەسەر ئاساییشی سنورەکانی ئەو وڵاتانە و ڕێز لە سەروەریی ھەمو لایەک بگیرێت.
لەو یادە پڕ شکۆیەدا، بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعود بارزانی) دوپات دەکەینەوە، وەک ھەمیشە لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، ھەروەھا بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسیی و کولتوری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.
لەم یادە پڕ مانا و پیرۆزەدا:
ـ سڵاو و درود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانیی نەمر).
ـ سڵاو بۆ ئەندازیاری ئاشتەوایی کاکە (ئیدریسی ھەمیشە لەیاد).
ـ سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.
لە یادی 16ی ئابدا بەڵێن بۆ گیانی پاکی شەھیدان نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان بین، کە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئەو ئەزمون و دەسکەوتانەی، کە بەرھەمی خوێنی بەنرخی ئەوانە.
لەم بۆنە مێژوییەدا سوپاس و پێزانین ئاراستەی ھەڤاڵانمان و کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانمان و بە تایبەتییش یەک بە یەکی پێشمەرگە قارەمانەکان، دەکەین و ڕۆڵیان بەرز دەنرخێنین لە داکۆکیکردن لە پارتە ڕەسەنەکەیان و سوربونیان لەسەر بەدیھێنانی ئەو پەیام و پەیمانەی داویانە.
سەرکەوتن ھەر بۆ خەباتی ڕەوای گەلەکەمانە
بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کورد و کوردستان