هەرێم کەمال ئاغا: قوڵایی چالاکییەکانی پەکەکە ناوچەی بادینان و بەشێکی هەولێرە نەک سلێمانی
  2024-08-15       471       

هەرێم كەمال ئاغا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاکسیۆنی یەکێتی بەرامبەر قسەکانی ئەمڕۆی وەزیری بەرگری تورکیا سەبارەت بە یەکێتی و سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، قوڵایی چالاکیەکانی پەکەکە سنوری نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانە کە دەکاتە ناوچەی بادینان و بەشێک لە پارێزگای هەولێر نەک سلێمانی، دەشڵێت، ئەوەی بەرامبەر سلێمانی دەکرێت سیاسییەو بە ئامانجگرتنیەتی نەک شتێکی تر.

ئاوێنە: هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشێلکاریەکانی تورکیا لەسەر هەرێم و سەروەری عێراق بوەتە کارێکی بێزارکەر لای دامەزراوە ئاسایشیەکانی عێراق، ماوەکانی ڕابردو هەم وەزیری بەرگری هەم سوپاسالاری عێراق لە بەرامبەر پێشێلکاریە یاساییەکان نیگەران بون."

وتیشی،" بە ئامانج گرتنی سلێمانی سیاسیسە و هیچی تر نییە، ئەگەر نا شەڕی ئێستای پەکەکە لە سنوری بادینان و دهۆکە، تەمەنامان دەکرد لە هیچ شوێنێک نەبوایە، چونکە بۆ ئێمە هەموی کوردستانە، بەڵام لە ڕاستیدا قوڵایی کارەکانی پەکەکە لە سنوری نێوان عێراق و تورکیادایە کە پارێزگای دهۆک و بەشێک لە هەولێر دەکات نەک سلێمانی."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە وتوێژێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی خەبەرنیوز رایگەیاند، هێشتا یەکێتی هاوکاری پەکەکە دەکات لە هەرێمی کوردستان و وتیشی،"بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە یەکێتی بەردەوامە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە. حکومەتی عێراقیش بەمە ناڕەحەتە. سەرۆککۆمارمان، وەزیری دەرەوەمان و خۆم، هەرچەندە چەندینجار قسەمان لەسەر ئەم بابەتە کردوە، بەڵام کەسی پەیوەندیدار لە یەکێتی ئێستا بەردەوامە لە چالاکییەکانی لەسەر ئەم بابەتە."

سەرانی تورکیا یەکەم جاریان نییە بەرپرسانی یەکێتی و شاری سلێمانی تۆمەتباردەكەن بە هاوكاریكردنی پەكەكەو زیاتر لە ساڵێکە توركیا، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕوی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا داخستوە ئەوەش بە بیانوی بەکار هێنانی لەلایەن پەکەکە و هاوکاریەکانی یەکێتییەوە.

جگە لەوەش شەوی 6ی ئەم مانگە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا هەرسێ لە حزبەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی (پادێ)، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی نزیک لە پەکەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە و بەرپرسانی ئەو حزبانەش هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ "فشارەکانی تورکیا لەسەر عێراق."

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا،" جگە لەوەی بارەگاکانی نزیک لە پەکەکە لە هەرێم بونیان هەبوە بەر لەوەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە بڕیاری داخستنیان لێبدرێت، یەکێتی پەیوەندی تری بە پەکەکەوە نەبوە، سەبارەت بە فڕۆکەخانەش نە کەسی پەکەکەی لێیە نە پەکەکەی پێدا ڕۆشتوە، فڕۆکەخانەکان لەژێر فەرمانی دەستەی فڕۆکەوانی عێراقدان لە هەمانکاتدا هەم ئیستیخباراتی عێراقی تێدایە، بۆیە ئەوەی سەبارەت بە فڕۆکەخانەکەش دەوترێت تەنیا بیانوە."


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×