یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان پیرۆزبایی لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ئەو حزبەو دەڵێت، هیوادارین زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد سازبكرێت و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ببنە مایەی گۆڕانكاری ئیجابی و گێرانەوەی تەبایی و پەیوەندی تەندروستی نێوان لایەنە سیاسییەكان.
ئاوێنە: ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لە پەیامەكەیدا وتویەتی"ئەم بۆنەیە لە كاتێكدایە هەرێم لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە، هیوادارین زەمینەی هەڵبژاردنێكی پاكو بێگەرد سازبكرێت."
ئەوەشی خستۆتەڕو، هیوادارین "ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ببێتە مایەی گۆڕانكاری ئیجابی و گێرانەوەی تەبایی و پەیوەندی تەندروستی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سەقامگیری كۆمەڵایەتی قۆناغێكی نوێی دەسەڵاتداریەتی و بەرێوەبردنی كوردستان بێنێتە ئاراوە بەجۆرێك هاوڵاتیان چیتر بەدەست دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و موچە و بژێوی ژیاندا نەناڵێنن."
ئاماژەی بەوەشداوە "هەر لەم بۆنەیەدا جەختدەكەینەوە لەسەر بەرزبونەوە بۆ ئاستی بەرپرسیاریەتی لە روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگاری و مەترسییەكانی سەر قەوارەی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان و پابەندی بە پاراستنی شوناسی ئایینی و بەها باڵاكانی گەلەكەمان."