مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بۆ مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبەكە دەڵێت، كوردستان لە هەركاتێك زیاتر پێویستی بە پێكەوەكاكردنە لەپێناو "چاككردن و گەشەپێدانی زیاتری حوكمڕانی هەرێم."
ئاوێنە: مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامەكەیدا وتویەتی"ئەمڕۆ کوردستان لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی ریزەکانی هەیە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، بەهەمو پێکهاتەکانییەوە، لە پێناوی چاککردن و گەشەپێدانی زیاتری حوکمڕانی هەرێم لەڕێی ئاوەدانی و ئیستحقاقە نەتەوەیی و مافە دەستورییەکانمان لە عێراقی فیدڕاڵدا."
مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وتوشیەتی"بێگومان هەڵبژاردنی داهاتوی کوردستانیش دەرفەتێکی باشە بۆ نوێکردنەوەی ئەزمونی دیموکراتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان کە ئامانجی بنەڕەتی کوردایەتی و خەباتی رەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە."
ئاماژەی بەوەشداوە "ئومێد دەکەین ئەم یادە ببێتە فاکتەری پتەوکردنی گیانی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان گشت لایەنەکان بە هەردو حزبیشەوە."
دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان:
بەرێزان مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
سڵاوێکی دۆستانە
لەیادی حەفتاو هەشت ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەرێزتان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەین.
ئەمڕۆ کوردستان لە هەر کاتێک زیاتر پێویستی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی ریزەکانی هەیە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، بەهەمو پێکهاتەکانییەوە، لە پێناوی چاککردن و گەشەپێدانی زیاتری حوکمڕانی هەرێم لەڕێی ئاوەدانی و ئیستحقاقە نەتەوەیی و مافە دەستورییەکانمان لە عێراقی فیدڕاڵدا.
بێگومان هەڵبژاردنی داهاتوی کوردستانیش دەرفەتێکی باشە بۆ نوێکردنەوەی ئەزمونی دیموکراتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان کە ئامانجی بنەڕەتی کوردایەتی و خەباتی رەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
ئومێد دەکەین ئەم یادە ببێتە فاکتەری پتەوکردنی گیانی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی زیاتری نێوان گشت لایەنەکان بە هەردو حزبیشەوە.
هەر سەرکەوتوبن و دوبارە پیرۆزە
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان