2024-08-15   642     
پەرلەمانتارێكی كورد رایدەگەیەنێت، کێشەی لیستەکانی مووچە جددی و راستەقینەن و پڕن لە کەموکوڕی، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمیش ئامادەی چارەسەرکردنی نین، کات بەڕێدەکەن و بێباکن.
ئاوێنه: سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کێشەی لیستەکانی مووچە جددی و راستەقینەن و پڕن لە کەموکوڕی، حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەی چارەسەرکردنی نین، کات بەڕێدەکەن بێباکن کە باجەکەی خەڵکی هەرێم دەیدات! ئامادەش نین بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ بە بانكیكردن (توطین) جێبەجێبکەن.
دەشڵێت، "تائێستا وردبینی بەردەوامە، کۆی گشتیی مووچە لە تریلیۆنێک دینار تێپەڕیوە، لیستی ئەمنی کێشەی زۆری تێدایە، هەزاران کەس لە لیستەکەدایە بەبێ زانیاری بەبێ ناو، دامەزراوی تازە، دەیان هەزار ناو نەنێردراون".
سۆران عومەر روونیدەكاتەوە، لیژنەی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی دەڵێن بۆچی لە لیستی هێزی ئەمنی بە نمونە پلەی ملازم مووچەکەی لەهەر شوێنێک مەبلەغێکە بەچی پێوەرێک؟ چۆن یەکەی سەربازیی خانەنشین و خاوەن پێداویستی هەیە؟
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران باس لەوەشدەكات، سەدان کەموکوڕی و تێبینی هەیە و وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەنییە چارەسەریان بکات، وەزارەتی دارایی فیدراڵ ناچێتە ژێرباری ناردنی پارە بەو کەموکوڕییانەوە. سەرۆک وەزیران داوای خەرجکردنی مووچەی کردووە، دارایی دەڵێت چەند مانگی پێشوو بە هەمان داواکاری مووچە خەرجکراوە تێبینیەکان چاکنەکراوە خۆتان بەرپرسیارێتی یاسایی لەئەستۆبگرن، بۆیە هێشتا بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی تەمموز نەدراوە.