پەیوەندییەکانی ژن.. کتێبێک بۆ تێگەیشتن لەپەیوەندی نێوان هاوسەران
  2024-08-12       648       

هێمن مەحمود

 

کتێبی پەیوەندییەکانی ژن کە لە نووسینی خاتوو (سۆزان جەمال) ە و ساڵی 2013 بڵاو بووەتەوە، هەرچەندە ناونیشانەکەی بەتەنیا پەیوەندییەکانی ژنە، بەڵام یەکێکە لەو کتێبە پڕ بایەخانەی کە باس لە پەیوەندییەکانی ژن و پیاو بەگشتی دەکات و تەواوی وردەکارییەکانی دۆخی هاوسەرێتی و کێشەکانی نێوانیان و خۆشەویستی و ڕق و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و سایکۆلۆژیای منداڵی و هەرزەکاری و کوشتنی ژنان بەناوی شەرەف و سایکۆلۆژیای دایکایەتی و سایکۆلۆژیای سێکسی و دووگیانی و منداڵبوون و چەندەها بابەتی دیکەی تایبەتی لەخۆگرتووە.

 

(سۆزان جەمال) کە خۆی ژنە نووسەرێکی بە سەلیقە و وەرگێڕێکی شارەزایە سوودی لە چەندین سەرچاوە بینیوە بۆ نووسینی ئەم کتێبە و بە باکگراوندێکی زانستی پڕەوە تێزەکانی خستووەتە ڕوو و لەبارەیانەوە قسەی کردووە.

ئەم کتێبە زۆر بەوردی لەسەر سەرەتاکانی ئاشنابوونی ژن و پیاو بە یەکدی، سەرەتای یەکتربینین و خۆشەویستی دروستکردن و دواتریش پەیوەندی هاوسەرێتی و گرفتە قووڵە دەروونییەکانی ناو ئەو پەیوەندییە و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لادانە کۆمەڵایەتییەکانی خستووەتە بەرباس و گرفتەکانی ژنی کوردی بەوردی دەستنیشان کردووە.

گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە نووسەر زۆر بە جورئەتەوە باس لەو دیاردانە دەکات و زۆر جاریش پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنیان دەخاتە ڕوو.

بە بڕوای نووسەر کاتێک دوو کەس دەکەونە خۆشەویستییەوە هەریەکەیان هەوڵ دەدات ئەوی دیکە بێت، چونکە ئەوە سرووشتی ئینسانە کاتێک سەرەتا کەسێکمان خۆش دەوێت چاوەڕێی زۆری لێ دەکەین ئەویش بە هەمان شێوە، بەڵام دواتر بە کەمترین ڕازی دەبین، هۆکاری ئەمەش لەبەر ئەوەیە بیرۆکەی خۆشەویستی چەسپاو لە نەستماندا جیاوازە لە واقیعی خۆشەویستی کە دواتر تێیدا دەژین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو کەسە نابێت کە خۆشی دەوێت، چونکە لە بناغەدا خۆشەویستی هەستێکی پوخت و بێگەرد یان تاک پێکهاتە نییە، بەڵکوو گرێدراوی کۆمەڵێک بابەتە یان بابەتێکی سەرەکی دیکەیە و دواجار لە ئارەزووی خۆشەویستیدا خۆی دەردەخات.

نووسەر بۆ ئەمە بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە هەندێک ژن یان پیاو بەدەست خۆشەویستی یەکترییەوە ئازار دەچێژن بەڵام ئامادە نین دەستبەرداری یەکتری بن چونکە ئارەزووی خاوەندارێتی یەکتری بەسەریاندا زاڵ دەبێت، بەرگەی ئەو ئێش و ئازارە ناگرن کە لە جیابوونەوە دەیچێژن هەر بۆیە هەموو شتێکی یەکتری قبووڵ دەکەن (تەنانەت زۆر جار بە خیانەتی یەکتریش دەزانن) تەنیا ئەوە قبووڵ ناکەن جیا ببنەوە، لێرەشدا بیرۆکەی ئەوە دێتە ئاراوە ئەو پەیوەندییەی ئەو جۆرە ژن و پیاوە بەیەکەوە دەبەستێت خۆشەویستی نییە، بەڵکوو بەرگە نەگرتنیانە بۆ بیرۆکەی جیابوونەوە.

نووسەر بڕوای وایە مرۆڤ کاتێک بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت کە خۆشی بوێت ئەوەیە لە خۆیت بچێت، خۆی لە واقیعدا چۆنە ئاوا بێت یاخود خۆی لە خەیاڵدا بەو شێوەیەی کە دەخوازێت وابوایە، چونکە لەوانەیە زۆر کات دوو کەس نەکەونە خۆشەویستی یەکدییەوە ئەگەر بە شێوەیەک لە شێوەکان لە یەک نەچن، هەمان بایەخ پێدان و ئارەزووی لێکچوویان هەیە دەکەونە خۆشەویستی یەکترییەوە.

لەبابەتی هاوسەرێتیشدا نووسەر بڕوای وایە زۆر جار چ ژن یان پیاو پرۆسەی زەواج لەگەڵ کەسی لە خۆی بەرزتر یان نزمتردا دەکات ئەویش لە حاڵەتی لە خۆی بەرزتردا بۆ ئەوەیە خۆی پێدا هەڵبواسێت و خۆی بەخاوەنی ئەو شتانە بزانێت کە بەرامبەرەکەی هەیەتی و ئەم نییەتی، یان لە حاڵەتی لە بخۆ نزمتردا بۆ دڵنیاکردنەوە و جەختکردنەوە و سەلماندنی ئەو شتە باشانەی خۆی هەیەتی و بەرامبەرەکەی نییەتی!

بە بڕوای سۆزان جەمال خۆشەویستی بەو جۆرەی سەرەتا لە واقیعدا وەک خۆی نامێنێتەوە و تەنیا لەناو ئەدەبدا ناشێوێت و بە جاویدانی دەمێنێتەوە، مرۆڤ کاتێک لە خۆشەویستیدایە ئەمە نازانێت کە دێتە واقیع ئەمەی بۆ دەردەکەوێت.

کتێبەکە زۆر بواری دیکە و زۆر شتی وردی دیکەشی تێدایە کە خوێنەر بە خوێندنەوەیان لە ژیانی ڕۆژانەدا بە بەرجەستەکراوی دەیانبینێت.

کتێبەکە بۆ هەموو خێزانێک و تەنانەت بۆ هەموو کوڕ و کچێکی گەنج شایانی خوێندنەوەیە.

ئەم کتێبە لە چەند بەشێک پێک دێت کە هەر بەشێکیان چەندین بەشی بچووک لە خۆ دەگرێت:

بەشی یەکەم: پەیوەندی خۆشەویستی

بەشی دووەم: پەیوەندی هاوسەرێتی

بەشی سێیەم: ژن لە کۆمەڵگادا

چەند بەشێکی لاوەکی وەک( سایکۆلۆژی منداڵی و هەرزەکاری، سایکۆلۆژی دایکایەتی، سێکسوالیتی)

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×