مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پشكی پارتی، رایگەیاند، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی هیچ كێشەو گرفتێكی نییەو دەنێردرێت و دواكەوتنیشی پەیوەندی بە پێداچونەوەی دیوانی چاودێری داراییەوە هەیە بە خەرجییەكانی نیو ساڵی دەوڵەت بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە. دەشڵێت، گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێم بەزوترین کات لیستی موچەی مانگی ھەشت رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات.
ئاوێنە: مەسعود حەیدەر، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، رونكردنەوەیەكی لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوكردەوە.
مەسعود حەیدەر وتویەتی"بەپێی یاساو رێنماییەکان دیوانی چاودێری دارایی پێداچونەوە بە خەرجی دەوڵەت دەکات بۆ ھەمو مانگەکانی یەک ھەتا مانگی شەشی 2024 (خەرجی نیو ساڵ) بەوانەی ھەرێمی کوردستانیشەوە."
بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق وتوشیەتی"پێداچونەوەکە بەردەوامە، وەزارەتی دارایی/فەرمانگەی موازنە ھەوڵی تەواو ئەدەن بۆ تەواوکردنی پێداچونەوەکان لە کەمترین ماوەداو داواکردن لە فەرمانگەی ژمێریاری بۆ خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم."
هێمای بۆ ئەوەش كردوە"گرنگە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە زوترین کات لیستی موچەی مانگی ھەشت رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بکات، بەتەواوبونی پێداچونەوەی مانگەکانی پێشو، لە مانگەکانی داھاتو موچەی ھەرێم دواناکەوێت."
هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"وەزارەتی دارایی فیدراڵ ھەمو جوھدێک دەکات بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی کارە ئیدارییەکان تەواو بکات و موچە بنێرێت."
جەحتیشی كردۆتەوە كە "ناردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ھیچ کێشەو گرفتێکی نییەو دەنێردرێت و لە مانگەکانی داھاتو کێشەی نابێت."