ئا: پهیام نهجمهدین
زۆربەی ژنانی کوردستان هەست دەکەن لەدابەشکردنی میراتدا مافیان دەخورێت لەلایەن براو کەسە نزیکەکانیانەوە، بەپێی راپرسییەکی ئاوێنە، ژنان دەڵێن "لەبەر دابونەریتو نەپچڕانی پەیوەندی خێزانیو دروست نەبوونی کێشە بۆیانو بەزۆرو ناچاریی"، دەستبەرداریی میرات دەبن.
ژنێک: براکانمان منو دوو خووشکەکەمیان لەمیرات بێبەش کرد
پانزە ساڵ بهسهر چوونه ناو ژیانی هاوسهریی شنۆ تێپهڕی بوو، كه سهرهتا محهمهدی باوكیو چهند ساڵێك دواتریش خاوهری دایكی کۆچی دواییان كرد. ئیتر براکانی دەستیان بەدابەشکردنی ئەو موڵکانە كرد لهوانهوه بۆیان بهجێمابوو، لهم دابەشکردنەدا شنۆو خوشکەکانی دیكهی بێبەش کران لەبەشە میراتیو پێدانی موڵک یان هەر بڕە پارەیەک کە دەبوو بەشی ئەوان بدرێت.
شنۆ ئێستاش داخی ئەوەی لەدڵ دەرناچێ کە براکانی لەمیراتێکی زۆر بێبەشیان کردن، ئەو وتی "ئێمە سێ خوشکو سێ براین، کاتێک دایکو باوکم لەژیان نەمان براکانم بڕیاریان دا زەوییە کشتوکاڵییەکانمان بەش بکەن، بەڵام بەسەر خۆیاندا بەشیان کردو سێ خوشکەکەیان بێبەری کرد لێی، ئەوان هاتن بەشی هەر خوشکێکیان خستە لای برایەک، تا لەبراکەنمان وەریبگرین، بەڵام ئێمە بەخواستی خۆمان ئەو بەشەمان نەبرد، چونکە تێگهیشتین كه ئهوه بێبەری کردنی ئێمەیه، لەکاتێکدا گەر ئێمە بەشەکەمان بویستایە یان داوامان بکردایه دەبووە هۆی پچڕانی پەیوەندی نێوان ئێمهو براكانمان، بۆیە ناچار بووین لەبەر دروستنەبوونی کێشە یان بڵێم لەبەر عەیبە دەستبەرداری بووین".
وتیشی "کاتێک منداڵەکانم، کوڕی خاڵەکانیان دەبیننو دەچن بۆ نێو باخو زەوییەکەیان، پێمدەڵین ئەی دایکە بۆچی بەشی ئێمەت وەرتنەگرت؟! من نازانم ئهم موڵكانهی باوكمو دایكم بەپێی یاسا یان شەرع، یان عورف یان چۆن دابەشکران؟".
چیرۆکو خەمی شنۆ، چیرۆکو خەمی هەزاران ژنو خوشکە کە لەمیراتی ماڵە باوان بێبەشکراون لەلایەن براکانیانەوە، بۆیە لەکوردستاندا وەک دەوترێت "لەبری ئەوەی خێزان میرات دابەش بکات، ئەوە میراتە خێزان دابەشو پەرت دەکات"!
راپرسییەک: میرات کێشەی زۆربەی خێزانەکانە
لەڕاپرسیەكدا کە "ئاوێنە" تایبەت بەپشكی ئافرەت لەمیراتی دایكو باوكدا ئەنجامیدا، 55 ژنو 45 پیاو بەشدارییان کردو ئەنجامی راپرسییەکە بەم شێوەیە بوو:
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا لەكۆمەڵگەی كوردی وەك ماف سەیری بەشی ئافرەت لەمیرات دەكرێت؟
٥٤ کەس دەڵێن: تاڕادەیەک
19 كەس دەڵێن: نەخێر وەك ماف سەیر ناكرێت
27 کەس دەڵێن: وەك ماف سەیری بەشی ئافرەت دەكرێت لەمیراتدا.
لەپرسیاری ئەوەی كە بۆچی ژنان دەستبەرداری میرات دەبن؟
36 کەس لە بەشداربوانی راپرسیەكە دەڵێن: لەبەر عورفو دابونەریت
35 کەس دەڵێن: لەبەر نەپچڕانی پەیوەندی خێزانی
19 کەس دەڵێن: لەبەر دروستنەبوونی نەبونی کێشە بۆیان
6 کەس دەڵێن: بەزۆر ناچار دەکرێن كە چاوپۆشی لە بەشی میراتی خۆیان بكەن.
لەپرسیاری ئەوەی كە ئایا کێ هۆکارە بۆ ئەوەی ژن میرات نەبات؟
37 کەس دەڵێن: خودی ژن خۆی بەرپرسیارە
30 کەس دەڵێن: براكانیان هۆكارن
9 کەس دەڵێن پەروەردەی خێزانو باوانیان
23 كەس بژاردەی تر بەهۆكار دەزانن.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ژنان توانیویانە بەپێی شەرعو یاسا میراتەکانیان وەربگرنو داوای بکەن؟
59 کەس دەڵێن: تاڕادەیەک
28 کەس دەڵێن: نەخێر نەیانتوانیوە
13 کەس دەڵێن: بەڵێ توانیویانە مافی میراتەكانیان وەربگرن.
لەوەڵامی پرسیاری ئایا دابەشکردنی میرات بووەتە هۆی دروست بونی کێشە لە نێو خێزانەکاندا؟
49 کەس دەڵێن: بەڵێ بۆتە هۆی دروستبوونی كێشە.
41 کەس دەڵێن: تاڕادەیەک بۆتە هۆی كیشە.
10 کەس دەڵێن: نەخێر نەبۆتە هۆی كێشە.
"براکان تەماح دەکەنە بەشی خووشکەکان"
دابەشکردنی میرات لەهەرێمی کوردستان لەیاسای عێراقی ساڵی ١٩٥٩ەوە وەرگیراوە، کە ماددەکانی ٨٦ بۆ٩١ لەیاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ باسی میرات دەکات. لە یاسای ژمارە ٥ ساڵی ٢٠٠٨ یاسای تایبەت بە باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستان هاموار کراوەتەوە، تێیدا هاتووە جگە لەزەوی کشتوکاڵی ناو شار مافی میرات بۆ کچو کوڕ وەک یەکە.
پارێزەر جەمال هەڵەبجەیی لەگفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، ئاماژەی بەوە کرد یاسا تەواوی ئەو مافانای میراتی لەشەریعەتی ئیسلامیدا هەیە بۆ ژنان دەستەبەری کردووە، چونکە یاسەکە لە شەریعەتەکەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەم پارێزەرە ئەوە رووندەکاتەوە کە میرات لەسەر بەڵگەنامەیەک دابەشدەکرێت دوای مەرگی کەسی میرات لێبراو لەلایەن وەرەسەی میرات بەرەکانیەوە لەدادگا ڕێک دەخرێت، کە پێی دەوترێت دابەشنامەی شەرعی. هەنگاوی یەکەم لەبێبەشکردنی یەکێک لەوەرەسەکان بەتایبەت ژن، لەدەرچواندنی بەڵگەنامەی دابەشکردنە شەرعیەکەدایە، لەوێدا ناوی ژنەکە وەک میراتبەرو وەرەسەی میرات لێبراوەکە ناخەنە ڕوو، تۆماری ناکەن ئەمە پێی دەوترێت کتمان. ئەو وتی "بۆیە ئەگەر حاڵەتێکی لەم شێوەیە بۆ هەر خاتونێک کە هاتە پێشەوە ئەوە سەرەتا دەبێت ئەم بەڵگەنامەیە ڕاست بکاتەوەو ناوی خۆی بخاتە ناو ئەو بەڵگەنامەیە وەک میراتبەرێکو یەکێک لەواریسەکان. ئەوجا بتوانێت داوای ئەو میراتە بکات کە ئەوی لێبێبەش کراوە کە ئەمەش ڕێکاری یاسایی خۆی هەیەو لەڕێگەی تۆمارکردنی داواوە دەبێت".
وتیشی "هەڵبەتە لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا، کەم وزۆر ئەشێت پیاوەکان تەماح بکەنە ژنەکانو لەمیرات بێبەشی بکەن، یان پێیانوابێت ژنان ئەرکی ژیانو بەڕێوەبردنو بەخێوکردنی خێزانیان لەسەرە، بەڵام پاساوەکە هەرچییەک بێت، هەم نایاساییەو هەم ناشەرعییە، چونکە ئەوە مافێکی ڕەوای ژنەکانە لەلایەن خواوە پێیانبەخشراوە، ئەگەرچی ژنە بێبەشکراوەکە بازرگانو سەرمایەدارێکی ناودارییش بێتو بەملیۆنەها دینارو دۆلاریشی هەبێت. میراتەکە مافی ڕەوای خۆیەتی بۆ کەس نییە دەستی بەسەردا بگرێت".
"میرات، مافی یاساییو شەرعی ژنانە"
لایەنە پەیوەندیدارەکان بەباشی هەست بەو ناهەقییە دەکەن کە زۆرجار لەدابەشکردنی میراتدا لەلایەن براوە بەرامبەر بەخوشکەکانیان دەکرێت.
د. محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فتوای سلێمانی لەگفتوگۆیدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، جەختی لەوە کرد کە ئەم دابەشکرنەی لەعەشایەرییدا دەکرێت کارێکی ناشەرعیەو بەهەڵەی دەزاننو دەبێت ڕاست بکرێتەوە، ئەو وتی "زۆرجارعەقڵیەتی عەشایەریی بەسەر دینداریدا زاڵ بووە، ژنانیان بێبەشکردووە لەمیراتو مافی خۆی،. یان ژنان شەرمن بوونو ڕوویان نەهاتووە داوای مافی خۆیان بکەن کە مافی یاساییو شەرعی خۆیانە، پیاوانیش تەماحباز بوون لەڕووی شەرعیەوە پێیان نەداوە".
وتیشی "قورئان دەفەرمێت: پیاوان بەشی خۆیان هەیە لەوەی دایکو باوکیان بۆیان بەجێدەهێڵن. ژنانیش بەشی خۆیان هەیە لەوەی دایکو باوکیان بۆیان بەجێدەهێڵن، کەواتە ئەمە هەقێکی شەرعییەو هیچ کەس ناتوانێت لەکەسی تر بسەنێتو لێی بێبەش بکات، هەر کەسێک چ ژن بێت یان پیاو ئەگەر مافی میراتگرێکی نەدا ئەوا سنوری خودای بەزاندووە، ئەوەی سنوری شەرعی خودا دەبەزێبێت".
سەرۆکی لیژنەی فتوای سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوام کێشەی میرات دێتە لایان، ئەو وتی "لەم رۆژانەدا دوو ژن هاتبوون کە براکانیان بێبەشیان کردبوون لەمیرات، ئێمەش بانگی براکانیانمان کرد تا لەڕووی شەرعیەوە هەقیان بدەن گەر نا ئەوا دەتوانن لەدادگا سکاڵا تۆمار بکەن".
وتیشی "زۆرجار دایکیش هۆکارە لەبەرژەوەندی کوڕەکەی قسە دەکاتو بەکچەکەی دەڵێت: بوەستە تا کوڕەکە ژن دێنێت دوای بەشت دەدەین یا لەبەشی خۆم شتێک دەدەمێ"
شارەزایەک: حاڵهتی وا هەیه ئافرەت زۆر لەپیاو زیاتر میرات دەبات
شارەزایانی بواری ئیسلام ئەوە رووندەکەنەوە کە نەک رەوا نییە مافی میراتی ژن زەوت بکرێت، بەڵک هەندێک حاڵەتدا خوشک لەبرا زیاتری بەردەکەوێت.
عومەر عەبدولعەزیز، شارهزا لهفیقهی ئیسلامی، ئاماژە بەوە دەکات قورئان پانتاییەکی زۆری داوە بەمەسەلەی میراتو ئەوەی گرنگە لەقورئاندا پاراستنی هاوسەنگییە لەنێوان پشکەکاندا، ئەو وتی "بەداخەوە هەندێک بابەتی هەڵە بڵاوبووەتەوە، بەجۆرێک مانای ئایەتەکان دەکەن کە هەرچی نێرینەیەک دوو ئەوەندەی مێینەیەک دەبات، کە ئەمە هەڵەیە، ئەمە باسی یەک حاڵەتە، چونکە بهپێی شهریعهتی ئیسلام بژێوی کچ لەسەر خێزانەکەیەتی تا لەنێو ماڵی باوکیدایە دواتریش لەسەر هاوسەرەکەیەتی. بەڵام کوڕ بە پێچەوانەوە گەیشتە ئەوکاتەی کە توانای کارکردنی ببێت، دەبێت خەمی خۆی بخواتو بژێوی خۆیو هاوسەری دابین بکات، لهپرسی میراتدا مافەکانی ژن جیاوازن كه حاڵهتی وا هەیه ئافرەت زۆر لەپیاو زیاتر دەبات، حاڵهتیش ههیه ژن پشک دەباتو پیاو نایبات".
وتیشی "ئیسلام لەدانانی ئەم پشکانە واقیعی خوێندووەتەوە، دەکرێت بەشێوەی حاڵەتی تایبەتی خوێندنەوەی بۆ بکرێت. پێکهاتەی کۆمەڵگەکە چۆنە ئیسلام لەسەر ئەوە بڕیار دەدات قورئان بڕیویەتیەوە چەندە واجب لەسەر ژنانە ئەوەندەش مافیان هەیە، نابێت شەریعەتی کۆمەڵگە بهێنرێتە ژێر پرسیار ئەبێت کۆمەڵگەکە بهێنرێتە جێگەی پرسیار".
بێبەری کردنی ژنان، جۆرێکە لەجیاکاریی
ئەوانەی لەبواری یەکسانی جێندەری کار دەکەن پێیانوایە زۆر گرنگە قسە لەسەر میرات بکرێت چونکە زۆرترین کێشەی ناوەتەوە لەنێو خێزانەکانداو ژن بەهۆی بێئاگایییەوە داوای مافی خۆی ناکات.
شیلان حەمە نوری، توێژەری کۆمەڵایەتیو ڕاهێنەر لەبواری یەکسانی جێندهری بەئاوێنەی وت "ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین زۆرجار ئەو کەسانەی میرات دابەش دەکەن، کچانو ژنانی خێزانەکەیانی لێبێبەش دەکەن بەهەر بەهانەیەک بێت، ئەمەش جیاکارییە لەنێوان کوڕو کچدا، ئەگەرچی زۆربەی خێزانەکان بەڕووکەش پێشکەووتوونو بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، بەڵام هەمان بیرکردنەوەی پێشوویان هەیە، پێیانوایە رەوا نییە کچ میرات وەربگرێتو بیبات بۆ ماڵە مێرد، لەکاتێکدا کوڕیش دەیبات بۆ خێزانەکەی کە هەردو حاڵەتەکە وەک یەکە، ئەمەش بووەتە کێشەی زۆرینەی خێزانەکان".
وتیشی "هەندێکجار ژنان خۆیان لەبەر ئەو پەروەردەی بەکۆیلەکردنە، خۆشی لەوانەیە بڕوای بەوە هەبێت کە پێویست ناکات بهشی براکەم ببەم، ئەمەش خۆ بەکەم زانینو بەکەم سەیرکردنە، ئێمە کێشەمان لەوەدایە کە چۆن داوای مافی خۆمان بکەین، ئەمەش پێویستی بەهۆشیارییە".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.