وردەكاری روداوی وەرگەڕانی پاسەكەی رێگەی خەلەكان؛ یەكێك لە بریندارەكان گیانی لەدەستدا
  2024-08-10       374       

بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی خەلەكان رایگەیاند، ئەو پاسەی ئەمڕۆ لە رێگەی خەلەكان وەرگەڕا، پاسی هێڵی سلێمانی- هەولێر بوەو بەهۆی روداوەكەوە 12 كەس برینداربون، یەكێكیان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا كە شۆفێری پاسەكە بوە.

ئاوێنە: مەڵبەند محەمەد، بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی خەلەكان لە لێدوانێكدا، نزیك سەعات 11:30 خولەك ئاگادار كراینەوە كە مینی پاسێك وەرگەڕاوە كە پاسی خەت بوەو ئەو هاوڵاتیانەی لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر گواستۆتەوە.

وتیشی، پاسەكە 14 كەسی تێدابوە، 12 كەسیان برینداربون و یەكێكیان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، برینی دو سێ برینداری دیكەیان زۆر سەختە.

وتیشی، سەرجەم بریندارەكان دوای چارەسەری سەرەتایی گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و هەروەها تەرمی ئەو كەسەشی گیانی لەدەستداوە رەوانەی سلێمانی كرا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری مینی پاسەكە بوە كە تەمەنی نزیك 50 ساڵان بوە.

بەڕێوەبەری مەڵبەندی تەندروستی خەلەكان رێگای خەلەكان بۆ بێستانە كە روداوەكەی لەوێ رویداوە، بە "رێگای مەرگ" ناوبرد، كە ناوبەناو روداوی هاتوچۆی جەرگبڕی تێدا رودەدات و رایگەیاند، چاككردنی رێگاكە 30 ملیار دیناری تێدەچێت، من بم لەبری سەرۆكی حكومەت و وەزیری ئاوەدانكردنەوە دەستلەكاردەكێشمەوە ئەگەر ئەو كارەم پێ نەكرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×