ئاسایشی سلێمانی: تەقەکەرەکانی قەرەداغ سەر بەڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوون
  2024-08-10       594       

ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند "لەئەنجامی لێکۆڵێنەوە لەڕووداوەکەی قەرەداغ، دەرکەوت تەقەکەرەکان سەر بەڕێکخراوی تیرۆریستی داعشن".
 

ئاوێنە: ئاسایشی سلێمانی لەبارەی ڕووداوەکەی قەرەداغ، لەڕاگەیەندراوێکی نوێدا دەڵێت "پاش گەیشتنی هێزەکانمان بەشوێنی ڕووداوەکە، بەدواداچوون‌و لێکۆڵینەوەی ورد کرا بەهەماهەنگی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، بەڵگەو زانیاری سەرەتایی دەستکەوت لەسەر رووداوەکەو لەئەنجامدا دەرکەوت کە کردەوەیەکی تیرۆریستییەو ئەنجامدەرانی سەر بەڕێکخراوی تیرۆریستی (داعش)ن".
 

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ئاسایشی سلێمانی سەبارەت بەو رووداوە رایگەیاندبوو "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥ لە ناوچەی (قەرەداغ) دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەرەداغ بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لەئەرکدا بوون، چەند کەسێکی چەکدار بەمەبەستی دەرهێنان‌و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لەناوچە شوێنەوارییەکە بوون، ڕووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە و بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو کارمەندی ئاسایش".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×