ڕۆژنامەی "نیازڤیسیمایا گازێتا"ی ڕوسیی بابەتێکی لەسەر ڕوداوی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنییە لەتاران بڵاوکردوهتەوەو باسی لەوەکردوە، ئێران بەدوای ئەو سیخوڕانەدا دەگەڕێت کە یارمەتیی مۆسادیان داوە بۆ لەناوبردنی فوئاد شوکر فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵاو ئیسماعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس.
ڕۆژنامەکە دەڵێت، "قەیرانی بێمتمانەیی لەناو دەزگا ئەمنییەکانی ئێراندا سەریهەڵداوە، بەشێوەیەک بەگوێرهى ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، گروپە کاریگەرەکانی ناو سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵدەدەن بەرپرسیارێتی کوشتنی ههنییە بخەنەسەر یەکتر".
هەروەک سەرچاوەکان بەڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندوە، ئێرانییەکان لەکاتی لێکۆڵینەوە لەبارودۆخی ئۆپهراسیۆنەکە زیاتر لە20 کەسیان دەستگیرکردوە، ئەوکەسانەی گومانلێکراون بریتین لەبەرپرسانی باڵای هەواڵگرییو بەرپرسانی سەربازییو بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی میوانەکان، ئەو هەڵمەتی دەستگیرکردنە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئامرازی تیرۆرکردن ئامێرێکی تەقەمەنیی چێنراو بوە.
هەروەک دەشڵێت:"سەرچاوەکان بەڕۆژنامەی تەلەگرافیان ڕاگەیاندوە، بەمەبەستی لەناوبردنی ههنییە بەدیاریکراوی، مۆساد کۆمەڵێک کارمەندی سوپای پاسدارانی ئێرانی بەکرێگرتوە، کامێرای چاودێریی کە ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەتۆمارەکانیان کردوە، لانیکەم سێ بریکاریان نیشانداوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لەسوپای پاسدارانی ئێران بەکرێگیراون، ئەوان بەشێکبون لەیەکەیەکی تایبەت بەدابینکردنی ئەمنیەت بۆ بەرپرسانی باڵا کە توانیان تەقەمەنی لەچەند ژورێکی ئەو کۆمەڵگەیە دابنێن کە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لێی نیشتەجێبوو".
ڕۆژنامەی تەلەگراف ڕونیشیکردوهتەوە، دوای دانانی ئەو ئامێرانە، بریکارەکان ئێرانیان بەجێهێشتو لەدورەوە بۆمبەکەیان تەقاندەوە.
ڕۆژنامە ڕوسییەکە لەکۆتاییدا دەڵێت:"لەئێستادا ناوچەکە چاوەڕوانی پەرەسەندنێکی بەرفراوان دەکات کە پێدەچێت کاریگەری لەسەر زۆرێک لەوڵاتان هەبێت، بەگوێرهى ڕاپۆرتە میدیاییەکانی بەریتانیا، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران فەرمانیداوە کە پێش ئەوەی هەموو ئەوانەی دەستیان لەتیرۆرکردنی هەنییە هەبوە لەخودی کۆماری ئیسلامیدا دەدۆزرێتەوە، هیچ هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوە لەدژی ئیسرائیل دەستپێنەکات".