ئەمڕۆ شەش مۆلیدەی ئەهلی لە هەرێم گڕیان گرتوە
  2024-08-06       431       

تەنیا لە ئەمڕۆدا شەش مۆلیدەی ئەهلی لە سێ ناوچەی هەرێم گڕیان گرتوەو سوتاون، خاوەن مۆلیدەكان باس لەوە دەكەن كە هۆكاری گڕگرتن و سوتانی مۆلیدەكانیان دەگەڕێتەوە بۆ كەمی پێدانی كارەبای نیشتمانی بەهاوڵاتیان كە ئەوەش کاتژمێرەکانی کارکردنی ئەوانی زیاد کردوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەڕەکی نازماوەی هەولێر سێ مۆلیدەی ئەهلیی گەڕەکەکە سوتان و بەهۆیەوە نزیکەی 500 ماڵ بێکارەبا بون.

ئەمشەویش لە گەڕەکی هەواری تازە لە سلێمانی، مۆلیدەیەكی ئەهلی گڕی گرت و سوتا، بەوهۆیەشەوە دەیان ماڵی گەڕەکەكە بێکارەبا بون.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش لە گوندی کەلەکینی خەلیفان، دو مۆلیدەی ئەهلیی هاوڵاتییەک بەتەواوی سوتان و بەوهۆیەوە نزیكەی 170 ماڵ بێکارەبا بون. خاوەنی مۆلیدەکانیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندوە، بەهۆی زۆری کاتژمێرەکانی کارکردنەوە مۆلیدەکانی سوتاون.

چەند خاوەن مۆلیدەیەکی ئەهلیی بە ئێن ئاڕ تی-یان راگەیاندوە، سەرەڕای بەرزیی پلەکانی گەرما، رۆژانە 17 بۆ 18 کاتژمێر کارەبا دەدەنە هاوڵاتیان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم ناتوانێت دۆخی کارەبای نیشتمانی چارەسەر بکات و رۆژانە تەنیا شەش بۆ حەوت کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەداتە هاوڵاتیان.

ئاماژەیان بەوەش کرد، بەهۆی کەمی پێدانی کارەبای نیشتمانییەوە، ئەوان وەک مۆلیدە ئەهلییەکان ناچار کراون، هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی ببڕێت، کارەبای مۆلیدە بدەنە هاوڵاتیان، ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی کردوەتە سەر مۆلیدەکانیان و بەرگەی ئەو فشارە زۆرە ناگرن.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×