لاهەر شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ سێشەممە، سەردانی دەڤەری بادینانی كردو رایگەیاند، گۆڕانكاریی سیاسی لە هەولێر و بادینانەوە دەكرێت.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ ئەو دەڤەرە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای حزبەكەی وتی"پێش چوار ساڵ من ویستم ماڵێكم بێنمە بادینان، چونكە پێموابوە گۆڕانكاریی سیاسی لە هەولێر و بادینانەوە دەكرێت، ناكرێت ئێمە لە سلێمانی دابنیشین و چاوەڕێ بكەین خەڵك لە بادینانەوە گۆڕانكاریمان بۆ بكات."
لاهور شێخ جەنگی لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوەدا كە بەمەبەستی بەرژەوەندیی حزبی لە رابردودا "تۆوی رق و كینەیەكی زۆر" لەنێوان ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان چێندراوەو وتی"وەكو بەرەی گەل ئەركی سەرشانی ئێمە رێكخستنی ریزەكانی میللەتە لە گەرمیانەوە بۆ بادینان، پێموایە ئەمە بە بون و ئامادەبونمان لە بادینان دەكرێت."
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی بەرەی گەل ئاماژەی بە داگیركارییەكانی سوپای توركیا لە دەڤەرەكەداو وتی"بادینان گرنگییەكی زۆری هەیە و قوربانییەكی زۆری داوە لە رابردوداو ئێستا بە بەرچاومانەوە نیوەی خاكەكەی داگیركراوە، دەبینین دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان كپ و كڕ كردوە نایەنە وەڵام لەسەر ئەو 150 گوندەی كە ئاوارەو دەربەدەربون و موڵك و ماڵیان دەدزرێت."
لاهور شێخ جەنگی وتیشی"وای لێهاتوە جگە لە سەروەتی ژێر زەوی كە لە رابردو تاڵان فرۆشكراو فرۆشرا بە توركیاو وڵاتانی تر، ئێستا دەبینین دارو درەختەكانی ئەو گوندانەی ئاوارە بون لە رەگ و ریشەوە هەڵدەكەندرێن و دەیانبەن لە توركیا دەیانفرۆشن."
بەقسەی لاهور شێخ جەنگی سەردانی بۆ بادینان بە دەنگهاتنە لەسەر خەڵكی ئەو دەڤەرەو وتیشی "ئێمە هاتوین لەسەر ئەو خەڵكە بەجواب بێین و بە خەڵك بڵێین ئیتر كاتیەتی خەڵك خۆی ببێتەوە بە خاوەنی بڕیار."
ئاماژەی بەوەشدا"لە رابردو بڕیاری میللەتمان تەسلیمی دو حزبی دەسەڵاتدار كرد ئەنجامەكەی ئەوە بو كە وڵاتانی دەوروبەر بە كەیفی خۆیان تەراتێن بكەن و كەس نەبێت رێگرییان لێ بكات، ئەمە یەكەم سەردانی من نابێت بۆ بادینان، من خۆم پێشڕەوی ئەو خەڵكە دەكەم بۆ گۆڕانكاری لە بادینان و لە هەولێرو لە شارو شارۆچكەكانی تر."