تەڤگەری ئازادی: بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق سیاسییە و دەستی دەرەکی لە پشتە
  2024-08-06       644       

تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتیی تەڤگەری ئازادی لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەیان ڕایگەیاند، تانە لە بڕیارەكە دەدەین چونكە بڕیارێکی تەواو سیاسییەو لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە.

ئاوێنە: دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی باڵای  دادوەریی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی هەریەك لە پارتەكانی (تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی)، تەڤگەریی ئازادی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەوبارەیەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا تارا حسێن، هاوسەرۆكی گشتیی تەڤگەری ئازادی ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێکمان بینی، کە ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بڕیاری داوە بە قەدەغەکردنی سێ پارتی سیاسی، لە ناویشیاندا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، لە کاتێکدا لە 17ـی 10ـی 2014وە، تەڤگەری ئازادیی دامەزراوە و کار و خەباتی مەدەنییانەی بەڕێوەبردوە، هەروەها لە دامەزراوەی کاروباری سیاسی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتی فەرمی وەرگرتوە، ئێمە بە بیستی ئەم بڕیارە شۆک بوین.

وتیشی: پێش دەرکردنی ئەم بڕیارە هیچ ئاگادارکردنەوەو هۆشدارییەکمان بۆ نەهاتوە، وەک دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی، کە دۆسییەیەکی سیاسیی لە دژمان کرابێتەوە و مافی بەرگریکردن لە خۆمان پێ درابێت، ئەم بڕیارە نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر دادگاکانی عێراق، ناکرێت هێزێکی سیاسیی فەرمی، کە بەهیچ جۆرێک کاری نایاسایی نەکردوەو ئەندامانیشی لە هیچ پێشێلکارییەکی یاساییدا بەشدار نەبون و بچوکترین لادانمان نەبوە، بڕیارێکی وای لە دژ دەربکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەینەوە و پێمانوایە ئەم بڕیارە یاسایی نییە و بە پێشێلکاری گەورەی سیاسیی و یاسایی لە قەڵەمی دەدەین، بۆ ئەمانەش بەڵگەمان هەیە و هیچ بەڵگەیەک لە دژمان نییە.

وتیشی: تەڤگەری ئازادی، پارە و سەرچاوەی دارایی لە هیچ هێز و گروپ و لایەنێک وەرنەگرتوە، جگە لە هاوکاریی گەل و ئابونەی ئەندامانی، کە ساڵانە یەک مانگ تەرخان دەکەین بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە گەل، تەنانەت تاکە حزبین کە سەرچاوەی داهاتمان ئەوەندە شەفاف بێت، ئەو بڕیارە لە دژی پڕەنسیپ و بڕیارو مەبدەئی ئێمەیە، ئەوەی کە دەستی لە پەلکێشکردنی داگیرکەران بۆ ناو خاکی کوردستان هەیە، دەبێت ئەو دادگایی بکرێت، ڕوی دەممان دەکەینە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە بیسەلمێنن لە کوێدا تەڤگەری ئازادی، کارێکی نایاسایی کردبێت، لە ڕاستیدا ئێمە لە دژی هەر پێکهاتە و هێزێکین کە دەرەکی بێت و لە دژی پێکهاتەکانی عێراق بێت.

جەختیشی کردەوە، ئێمە هێزێکی مەدەنی و دیموکراتی و خاوەن مۆڵەتین و ئامادەین لە بەرامبەر هەر تۆمەتێک کە ئاراستەمان دەکرێت ڕوبەڕوی ببینەوە بە یاسا لە ڕێی پارێزەرانمانەوە،

لە کۆتاییشدا داوای لە هەمو هێزە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێم كرد کە ئەم پڕۆسەیە مەترسیدارە و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی کاری سیاسییە و داواکارین هەموان هەڵوێستیان هەبێت و بەدواداچونێکی وردی بۆ بکەن، چونکە بڕیارێکی تەواو سیاسییە و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە دراوە و دەستی دەرەکی و خیانەتی لە پشتە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×