شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە دڵنیایی دەدات كە هەنگاوەكانی چاكسازیی لە وەزارەتەكەی دەگاتە "ئەنجامێكی باش" بۆ دروستكردنی هێزێكی یەكگرتوی كوردستان و دەشڵێت، بەهۆی هەنگاوەكانی چاكسازییەوە ئاستی بەهەدەردان لە وەزارەتەكەیان لەسەدا 80 كەمی كردوە.
ئاوێنە: شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای پارتی لەبارەی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە وتی، "ئیرادەیەكی بەهێز هەیە لە هەمو لایەكەوە، بەتایبەت لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، لای هێزەكانی حەفتاو هێزەكانی هەشتا، بۆ پڕۆسەی چاكسازی."
وتیشی، "پشتیوانییەكی گەورەش هەیە لەلای سەرۆكی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لای هاوپەیمانانەوە كە ئەم پشتیوانیانە توانیویانە رەنگبدەنەوە لەناو وەزارەتی پێشمەرگەو لەڕوی دارایی و سەربازی و ئیدارییەوە هەنگاوی باش نراوەو توانراوە ئاستی بەهەدەردان دەتوانم بڵێم لەسەدا 80 كەمیكردوە."
وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ ئەوەی باسی لەوە كرد كە ئەو پڕۆسەی چاكسازییەی نێو وەزارەتی پێشمەرگە، پڕۆسەیەكی "قورسە"، بەڵام وتیشی، "هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە، ئەمە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە."
شۆڕش ئیسماعیل وتیشی"دڵنیام ئەم هەنگاوانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەگاتە ئەنجامێكی باش كە بتوانین لە ئایندەدا هێزێكی یەكگرتوی كوردستانی دروست بكەین كە بتوانێت بەرەنگاری ئەو مەترسیانە ببێتەوە كە رودەكەنە هەرێمی كوردستان."